چین وەڵامی تۆمەتەکانی بەریتانیا دەداتەوە

K24 - هەولێر

چین بە توندی ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە دەستگیرکردنی دوو کەس لە بەریتانیا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن ئیدانە دەکات و بە "بوختانێکی خراپەکارانە" و "گاڵتەجاڕی سیاسی" دەزانێت.

کۆتایی هەفتەی رابردوو پۆلیسی بەریتانیا دەستگیرکردنی دوو کەسی بە گومانی سیخوڕی راگەیاند، کە یەکەمیان لە ناوچەی ئۆکسفۆرد دەستگیرکرا و ئەوی دیکەشیان لە ئەدینبۆرگ دەستگیرکراوە.

راپۆرتە رۆژنامەوانیەکانی بەریتانیا ئاشکرایان کرد، ئەو کەسانە گومانی سیخوڕیکردنیان بۆ پەکین لەسەر بووە و بەوهۆیەوە دەستگیرکراون، ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە میانی کۆبوونەوەی نێوانیان لە پەراوێزی لوتکەی گروپی G20، کە لە نیودەلهی بەڕیوەچوو، ناڕەزایی خۆی لە دەستێوەردانەکانی پەکین لە دیموکراسی وڵاتەکەی دەربڕی.

گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە لەندەن گوتی: قسەکردن لەسەر دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ چین" ئیدانە دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ چین بەتەواوی هەڵبەستراوە و بوختانێکی خراپەکارانەیە، جەختیشی لەوە کردەوە، پەکین بە توندی دژایەتی ئەم کارە دەکات و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەریتانیا سیاسەتی دژە چین رابگرن و کۆتایی بەم گاڵتە جاڕییە سیاسییە بهێنن.

سوناک رۆژی یەکشەممە، بە کەناڵەکانی بەریتانیای راگەیاند: بێگومان ناتوانم لێدوان لەسەر وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانم لە لوتکەی G20 بدەم، بەڵام سەبارەت بە کۆبوونەوەکەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی چین، کۆمەڵێک نیگەرانیم لە بوارەکانی ناکۆکی و هەر دەستوەردانێک لە دیموکراسی پەرلەمانیمان گەیاند.