کۆریای باشوور: ئەم هەفتەیە کیم جۆن ئون و ڤلادیمێر پوتن کۆدەبنەوە

کیم و پوتن
کیم و پوتن

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری کۆریای رایگەیاند، ئەگەرێک دەبینێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکە، لە نێوان کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا.

ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، ئەم هەڵسەنگاندنە لەلایەن جیۆن هاکیۆ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگرییەوە هاتووە، کەدەڵێت: لەم هەفتەیەدا رەنگە، کیم و پوتن لوتکەیەک لە پەراوێزی کۆڕبەندێکی ئابووری لە ڤلادیڤۆستۆک ئەنجام بدەن.

گوتەبێژەکە بە رۆژنامەنووسانی گوت: "بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور، ئەگەری ئەوە هەیە کیم جۆنگ ئون سەردانی رووسیا بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر سەردانەکە ئەنجام بدرێت، پێمان وایە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا داوای لوتکەیەک دەکرێت.

رۆژی شەممەی رابردوو مۆسکۆ رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو هەواڵانە بدات کە باس لە ئەگەری سەردانەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ رووسیا دەکەن، گوتەبێژی کرێملینیش رایگەیاند، گەورەترین میوانی بیانی کە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، کیم لەم مانگەدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا لە ڤلادیڤۆستۆک لە رۆژهەڵاتی رووسیا کۆدەبێتەوە، ئەمەش قسە و باسێک دروست دەکات کە لەوانەیە لە میانی کۆڕبەندی ئابووریدا سەردانی بکات کە لە ڤلادیڤۆستۆک بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی رۆیتەرز، بڕیارە ژانگ گووچینگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چینیش بەشداری کۆنفرانسەکە بکات، ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەی پێشووتر سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن و سەرۆک کۆماری چینیش بەشداربوون، بەڵام گەمارۆکانی رۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ، بەشداریی دەرەکیان لەم جۆرە بۆنانەدا کەمکردووەتەوە.