سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی وەبەرهێنانی سعوودی کۆبووەوە

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی وەبەرهێنانی سعوودیە، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عەرەبستانی سعوودی لە بواری برەودان بە وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
رۆژی دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی عەرەبستانی سعوودی بە سەرۆکایەتی سەعد ئەلشەهرانی بریکاری وەزارەتی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عەرەبستانی سعوودی لە بواری برەودان بە وەبەرهێنانی سعوودی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودیە، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە خستەڕوو.
لەلایەن خۆیەوە، بریکاری وەزارەتی وەبەرهێنانی عەرەبستانی سعوودی، خواستی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنەی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپاتکردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و وەبەرهێناندا.