وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە ئۆکرانیا

ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا
ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا

K24 – هەولێر:

ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەسەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە کێیڤی پایتەختی ئۆکرانیا و هاوکات رایگەیاند، لەپشتی ئۆکرانیا دەوەستن و لە هاوکرایکردنیان بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا  لەگەڵ گەشتنی بە کیێڤ رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ جەختکردنەوەیە لەبەردەوامی پاڵپشتییەکانی بەرلین بۆ کیێڤ، چونکە ئۆکرانییەکان لەجێگەی ئەوروپا بەرگری لە ئازادی دەکەن.

ئانالێنا بێربووک ئاماژەی بەوەشدا، لەپشتی ئۆکرانیا دەوەستن و هاوکارییە سەربازی و داراییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئۆکرانیا بەردەوامییان دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ ئۆکرانیا گوتی: لە ناوەڕاستی تەپوتۆزی بۆمبدا، لە بەرامبەر تانکەکانی رووسیا، ئۆکرانیا بە متمانە و ئیرادە بەرەو یەکێتی ئەوروپا و ئەندامێتی لەو یەکێتییە هەنگاوی نا.

گوتیشی:ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ساڵی 2022 بە فەرمی داوای ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپای کرد و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا پۆستی کاندیدی پێدرا

بێربووک، بەڵێنی بەردەوامی پشتگیریکردنی ئۆکرانیای داوە لە رێگەی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا بەڵام پێداگری لەسەر چاکسازی زیاتر کردووە.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەسەردانەکەیدا بۆ کیێڤ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و بەرپرسانی دیکەی ئۆکرانیا کۆببێتەوە.