دەرماڵەی سێ مانگی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین دابەشدەکرێت

زانکۆی سەڵاححەدین
زانکۆی سەڵاححەدین

K24 – هەولێر:

بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەرماڵەی سێ مانگی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، د.کامەران یونس محمدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین بە یاوەری د.توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین، ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لەم سەردانە وەرگرتنی رەزامەندی بوو بۆ وەرگرتنی بواری دارایی زانکۆکان و وەرگرتنی رەزامەندی بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین.

سامان عەبدوڵڵا، گوتیشی: وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک و لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی دەرماڵەی سێ مانگی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین بە زووترین کات دابەشبکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشه‌ممه‌ (22ـی شوباتـی 2023)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و گرنگیدان بە کەرتی خوێندنی باڵا و پاڵپشتیکردنی قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندی دا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە 7 ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەک پاڵپشتی بۆ قوتابییان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2022-2023).

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "ئەم گوژمەیە ھاوشێوەی ساڵی خوێندنی (2021-2022) لەسەر بوودجەی زانکۆ و پەیمانگاکان تەرخان دەکرێت."