چیرۆکی ئەو ڕێککەوتنە چییە ڕێگری لە سۆن دەکات دەست لە ئایفۆن نه‌دات

سۆن ئاماده‌نییه‌ به‌ مۆبایلی ئایفۆن سێڵفی بگرێت، به‌ڵام به‌ هی سامسۆنگ به‌ده‌ستی خۆی سێڵفی ده‌گرێت
سۆن ئاماده‌نییه‌ به‌ مۆبایلی ئایفۆن سێڵفی بگرێت، به‌ڵام به‌ هی سامسۆنگ به‌ده‌ستی خۆی سێڵفی ده‌گرێت

گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، دەرکەوتووە سۆن هیونگ مینی هێرشبەری کۆریای باشوور کاتێک داوای سێڵفی لێ ده‌كرێت، ناتوانێت ئایفۆنی هاندەرێکی به‌ده‌سته‌كانی بگرێت.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، سۆن بەهۆی گرێبەستی سپۆنسەری لەگەڵ سامسۆنگ ناتوانێت ده‌ست له‌ هیچ مۆبایلێكی دیكه‌ بدات.

لە ڤیدیۆ کلیپەکەدا دەرکەوتووە هەوادارێک ده‌یه‌وێت مۆبایله‌كه‌ی خۆی بداته‌ سۆن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ستی خۆی سێڵفییه‌كی له‌گه‌ڵ بگرێت،  دوای ئەوەی سۆن زانی کە ئایفۆنە، دەستەکانی پێکەوە گرێدا و داوای لێبوردنی کرد و ڕوونیکردەوە کە ناتوانێت وێنەکە بگرێت بەڵام دڵخۆشە کە هەوادارەکە خۆی ئەو کارەی کردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیا، به‌هۆی ئه‌و گرێبەسته‌ سپۆنسەرییه‌ی لەگەڵ سامسۆنگ هه‌یه‌تی، سۆن ناتوانێت سێڵفی بگرێت یان دەست لە مۆبایلی هەوادارانی بدات، ئەگەر بەرهەمەکە خاوەندارێتی کۆمپانیایەکی ڕکابەر بێت.

ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری مۆبایل بەتایبەتی هەستیار بێت سەبارەت بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ركابه‌ری.

ڕایان جۆنسن دەرهێنەری فیلمی "Knives Out" ئاشکرایکرد، ئەپڵ له‌ كاتی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان ڕێگە نادات ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی رۆڵی خراپ له‌ فیلمه‌كان ده‌گێرن ئایفۆن به‌كاربهێنن.