جەمال کۆچەر: پەرلەمانتارانی شیعە لەسەر بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کۆکن

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

لە پەرلەمانی عێراق لیژنەی دارایی و تیمی حکومەتی عێراق بۆ پرسی دانوستان لەسەر پشکی هەرێم کۆبوونەوە، پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نیگەران بوو لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە و دەڵێت، وەک ئەوەی پەرلەمانتارانی شیعە و تیمە حکومییەکان رێککەوتبن هەموویان کۆکن لە سەر ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ببڕن.

لیژنەی دارایی و تیمی دانوستکاری حکومەتی عێراقی تایبەت بە پشکی هەرێم، كۆبوونەوە، پەرلەمانتارە شیعەکان دەیان جۆر بیانوویان بۆ تیمی حکومەتی عێڕاقی ھێناوەتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی بە هەر میکانزمێک بێت، پارە بۆ هەرێم رەوانە نەکەن، وەک ئەوەی ڕێکەوتنێكی پێشوەختە لە نێوانیاندا هەبێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەرلەمانتارانی شیعە لەسەر بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کۆکن.

بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە، توڕەیی فراکسیۆنە کوردییەکانی لێکەوتوەتەوە، فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات، حکومەتی عێراق واز لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی هەرێم بهێنێت، چونکە لە یاسایی بوودجەدا، پێدانی مووچەی فەرمانبەران زامنکراوە و هەر وەک پارێزگاکانی تری عێراق، پەیوەندی بە خەرجی و داهاتەوە نییە.

لەلایەن خۆیەوە، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: تیمی حکومەتی عێراقی پێی گوتین "ئێمە ناتوانین وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەین، ناتوانین دەست لەسەر خەرجییە گشتییەکانی هەرێم هەڵگرین و دەبێت هەرێم خەرجی بنێرێت ئینجا مووچە دەدەین، هەروەها ئەو قەرزەش کە دەدەین بە هەرێم دەبێت یاسای بۆ دەربکرێت لە پەرلەمانەوە، رەنگە قەرزەکە زیاتر بکەن، بەڵام بەو شێوەیە نەبێت ناتونین هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکەین".

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لەسەر کێشەکانی پشکی هەرێم بەر لەوەی بانگهێشتی هەر یەکە لە وەزیری دارایی هەرێم و فیدڕاڵی بکرێت، لێکۆڵینەوەی ورد بکات لەسەر ئەو کێشانە و بەرچاوڕوونی تەواویان هەبێت، تاکو ئەو کێشانە بەزوویی چارەسەربکرێن و پشکی هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر دوانەکەوێت.