قسەیەک لەسەر بەلاغەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

Kurd24

بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان؛ تایبەت بە بابەتی فەرمی ناساندنی مەزهەبی ئیمامی شافیعی لە هەرێمی کوردستان، بۆتە باس و خواسێکی گەرم و لێکدانەوەی زۆریشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

وەک دەزانین هەرێمی کوردستان لەرووی واقعی دۆخی ئایینیەوە پتر لە هەزار ساڵە پەیڕەوی مەزهەبی ئیمامی شافیعی کردووەو بگرە ئەم فۆڕمە کۆدەنگیەکی ناراستەوخۆی لەلایەن مەلای کوردو ئەهلی دیندار وەرگرتووە، بەڵام لە ئێستادا بەکۆمەڵێک هۆکار- لێرە دەرفەتی باسکردنیان نیە- پەرتەوازەیی و ناکۆکی و شڵەژانی کەشی دینداری رووی لە کۆمەڵگە کردووە، لەم نێوەشدا تەکنەلۆژیاو سۆشیال میدیا لەبواری هاوردەو گواستنەوەی بۆچوونی نامۆ بەواقعی کۆمەڵگەی ئێمە زەمینەکەی زیاتر رەخساندووە، ئەمەش وای کردووە دۆخێکی نەخوازراوو پێکدادان و پەرتەوازەیی و گوتاری توندڕەوی بەرهەم بێت و ئاریشەی زۆر لەناو کۆمەڵگەو موسڵمانان سەرهەڵبدات.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم واقیعەو دانانی سنوورێک بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکی و یەکخستنەوەی دروشمە ئایینیەکان و پاراستنی یەکڕیزی نێو موسڵمانان و ماڵی کورد، یەکێتی زانایان ئەم هەنگاوەی گەڕانەوە بۆ رێڕەوی راستەقینەی زانایانی کورد؛ بە دیراسەکراوی و گفتوگۆی زۆرو هەست کردن بە بەرپرسیارێتی ئایینی و نەتەوەیی، لەپێناو خزمەتی دین و ژینی گەلی کوردو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، وەک هەنگاوێکی مێژوویی بە باش و کلیلی چارەسەر زانیوە.

بۆ بەرچاو ڕوونی هەمووان ئەم هەنگاوە بۆ تەسککردنەوەی ئازادی و فەڕزی ئیرادەو تەفزیلکردنی بۆچوونێک و دەمارگیری مەزهەبی و سڕینەوەی مەزهەبەکانی تر نیە، چونکە هەموو ئیجتیهادو ڕای گەورە زانایان و مەزاهیبی ئیسلامی وەک لقی یەک درخت و کانیاوی یەک سەرچاوە جێی رێزو تەقدیرن؛ کورد گوتەنی: قەدری زێڕ لای زێڕنگرە، هەروەها بۆ بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی و موزایەدەو لەپێناو تەهمیش و لێدانی ئەم و ئەو نیە، هەموومان و لەناو یەک ماڵی گەورە کە پێی دەگوترێ کوردستان پێکەوە دەژین و ئەرکی هەمووانیشە رێز لە یەکتر بگرین و تەبایی و برایەتی بپارێزین، بەڵکو بۆ دیاریکردنی مەزهەبی فەرمی کوردستان و رێگریە لە فەوزا، هەر کەس بۆ خۆی ئازادە چۆن بیر دەکاتەوەو چی هەڵدەبژێرێت، بەڵام کاتێ یەکێک لە پێگەی ئایینی و پیشەیی و بەناوی وتاربێژ یان بانگخواز دەدوێ ناکرێ هەست بە بەرپرسیارێتی نەکاو بەرچاو روون نەبێ لە هێڵی گشتی روانگەی ئایینی لەم هەرێمە، یان لەخۆڕا ئاراستەی گوتاری ئایینی دابەزێنێتە ئاستی سوکایەتیکردن و فەتوای تەکفیرو تەبدیع و تەفسیق و گومڕاکردنی ئەوانی تر بدات، دواجار ئەمە لەبری خزمەت دەبێتە هۆکاری فیتنە، سەرباری ئەمەش هاوردەو تەسویقی بۆچوونی ناواقیعی و بازاڕی و بڵاوکردنەوەی لەشێوەی فەتوا لەلایەن کەسانی نائەهل لە کوردستان دەبێتە سەرچاوەی فەوزاو تێکچوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دۆخی ئارامی دینداری.

دیاریکردنی مەزهەب لە کوردستان بۆ فەڕزکردنی مەزهەبێک نیە بەسەر تاک بە تاکی کورد، بەڵکو دیاریکردنی مەزهەبی رەسمی کوردستان و موسڵمانانە بە گشتی، لەم نێوەدا ئەنجومەنی باڵای فەتوا وەک مەرجەعی باڵا بەپێی مەنهەج و رێڕەوی فەتوادان و کارو بەرنامەی خۆی، بە لەبەر چاووگرتنی بەڵگە شەرعیەکان و بۆچوونی گەورە زانایان و مەزهەبی ئیمامی شافیعی بە پلەی یەکەم و؛ سوود وەرگرتن لە هەر سێ مەزهەبەکەی ترو ناوەندو خانەی فەتوای جیهانی ئیسلامی بۆ پرس و بابەتە هاوچەرخەکان سوود وەردەگرێ، بۆیە ئەوان بەرپرسیاری یەکەمی ئەم مەلەفەن و پسپۆڕی ئەم بوارەن، واتە مەبەستەکە ئەوەیە لەم مەیدانە (نان بۆ نانەواو گۆشت بۆ قەساب) بێت، نەک هەر کەسەو بەهەوەس دەست لە کاروباری ئایینی بەتایبەت بابەتی فەتوا بدات و پشێوی بنێتەوەو ئاراستەکە بە ئاقارێکی خراپ ببات.

میللەتی کورد دە سەدەیە لەسەر ئەم مەزهەبە راهاتووەو رۆڵی گەورەشی بینیوە لە بڵاوکردنەوەی ئەم مەزهەبە لە بەشێکی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی، کە هۆکاری وەسەتیەت و ئیلهامبەخش و سەرچاوەی لایەنی زانستی مەلای کوردو پاراستنی وەحدەتی موسڵمانان بووە، زۆر پێویستە ئێستاش لەسەر هەمان مەزهەب و رێباز بەردەوام بێت و بەپێی خواست و ئاڵنگارییەکانی واقع پەرە بەلایەنی رێکخستنەوەی رەوشی دینداری بدات، چونکە تەجرەبە سەلماندوویەتی دەرچوون لە مەزهەب هۆکاری پەرتەوازەیی و توندئاژۆییە.

بۆیە ئەم هەنگاوە پرۆژەیەکی ئەرێنی و ئەرکێکی پیرۆزەو مایەی شکۆمەندی و شانازییەکی گەورەیە بۆ کوردستان بە گەڵ و حکومەتەوە، گرنگە هەمووان بە حیکمەت و هەستی بەرپرسیارێتی لێ بڕوانن.