دامەزراوەی میدیایی کوردستان کرۆنیکل، پیشانگایەکی هونەری شێوەکاری هاوچەرخ بۆ (ئاریا عەتی) دەکاتەوە

K24 – هەولێر

ئاری عەتی، هونەرمەدێکی ناوداری شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە و لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت، لە چەندین ناوەندی جیهانی پیشانگای کردووەتەوە، بە سپۆنسەری و پشتیوانی دامەزراوەی میدیایی کوردستان کرۆنیکڵ بۆ یەکەمجار پیشانگایەکی کارە هونەرییەکانی لە هەولێر کردەوە.

رۆژی دووشمە 11/9/2023، تابلۆکانی ئاری عەتی لە گەلەری میدیایی شاری هەولێر نمایشکران، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و هونەردۆستان ئامادەبوون، وێڕایی ئامادەبووان لە کارە هونەرییەکانی، ئاریا رایگەیاند، ئەو بۆ خەڵک کار دەکات و بەرهەمەکانی بۆ خەڵکە، زۆر خۆشحاڵە کە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان پیشانگای کارە هونەرییەکانی دەکاتەوە.

لە پێشانگاکەدا چەندین تابلۆی رەنگین، کە گوزارشت لە ئازارەکانی ژن بوون دەکات، هەروەها بەشێک لە تابلۆکان گێڕانەوەی کارەسات و کۆمەڵکوژییە، کە دژ بە گەلی کورد کراون نمایشکران.

ئاریا عەتی بۆ کوردستان24 دەڵێت: "تابلۆکانم رەنگدانەوەیان لەسەر ژیان و ئازارەکانی ژنانی رۆژئاڤا هەبووە، کە ساڵانێکی زۆرە لەم دەڤەرەدا دەبن بە قوربانیی دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکان، جگە لەو کارەساتە نامرۆییانەی لە رابردوودا بەسەر پاکیزەکانی ئەو نیشتمانە داهاتووە و بوونەتە قوربانیی دەستی رەشی تیرۆر و ئەوانەی ناخیان پڕبووە لە رق بەرامبەر بە رەگەزی مێینە و ناتوانن هەزمی ئازادی ژن بکەن، کە ئەمڕۆ لە هەموو کایەکانی ژیاندا رۆڵی بەرچاویان دەبینن، بەڵام لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان هەموو ئازادییەکانیان لێ زەوت کراوە".

گوتیشی: "ئەم پێشانگایە دەبێتە یەکەم کاری من لە هەرێمی کوردستان، کە دەمێک بوو تامەزرۆیی ئەوەبووم لە نزیکەوە ئاشنا بم، به کولتووری وڵاتەکەم، چونکە ساڵانێکی زۆره بەهۆی خراپی بارودۆخی کۆبانێ لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێم، بۆیە لە پێشانگاکەدا جلە رەنگاوڕەنگەکانی ژنانی کوردم، کردووە بە خامێک لە تابلۆکاندا، جگە لە مانەش وەک کچە شێوەکارێکی کورد، دەمەوێت ئازارەکانی خۆم بە رەنگ دەرببڕم".

ئاریا عەتی لە دایکبووی ساڵی 1990 لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە، دەرچووی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی حەلەبە و چەند ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت.