لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رەسەن رەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا دەکرێت

K24 – زاخۆ:

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەمنزیکانە رەسەن بە مەبەستی چارەسەرکردن رەوانەی ئەڵمانیا دەکرێت و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی تێچووی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەشی لە ئەستۆی دەگرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە نوێنەراتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە سەردانی رەسەن شەعبانی تەمەن 10 ساڵانی کرد، کە تووشی نەخۆشییەکی ڤایرۆسی بووە و چارەسەری تەنیا لە دەرەوەی وڵاتە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە رەسەن و خانەوادەکەی راگەیاندووە، بەمنزیکانە رەسەن بە مەبەستی چارەسەرکردن رەوانەی ئەڵمانیا دەکرێت و سەرۆکی حکومەت تەواوی تێچووی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی لە ئەستۆ دەگرێت.

بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان، رەسەن هەر لە منداڵییەوە گورچیلەکانی تووشی نەخوشی بوون و دوای ئەوەی گورچیلەیەکی بۆ چێنرا، ماوەی ساڵێک زیاترە تووشی جۆرە ڤایرۆسێک بووە و چارەسەرکردنیشی تەنیا لە دەرەوەی وڵاتە.