خامنەیی: ئەمەریکا کار بۆ دروستکردنی قەیران لەنێو ئێراندا دەکات
K24 - هەولێر
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا گرووپی قەیرانی پێکهێناوە بۆ ئەوەی لە نێو ئێراندا قەیران دروستبکات و دەشڵێت، "دوژمن لەسەر دوژمنایەتیی خۆی ڕژدە و ئێمەش لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دوژمن زۆر ڕژدین".
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ژمارەیەک لە خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، "زانیارییە هەواڵگرییەکان پێمان دەڵێن، حکومەتی ئەمەریکا گرووپێکی دروست کردووە بە ناوی گرووپی قەیران؛ ئەو گرووپە کاری دروستکردنی قەیرانە لە وڵاتان و لەنێویشیاندا ئێران".
ئەو گرووپە وەکو ئەوەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی پێ دەدات، "دەگەڕێت، ئەو خاڵانە دەبینێتەوە کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی قەیران، کار لەسەر ئەو خاڵانە دەکات و هانیان دەدات بۆ دروستبوونی قەیران".
بە گوتەی عەلی خامنەیی، ئەو گرووپە، "بەوە گەیشتووە کە ئێران چەند خاڵی تێدایە کە دەتوانێت ئەگەر هانبدرێن و پەرەیان پێ بدرێت، ببنە هۆی سەرهەڵدانی قەیران. یەکیان جیاوازییە نەتەوەییەکانە، یەکیان جیاوازیی ئایینە، یەکیان جیاوازیی ڕەگەزی و پرسی ژنە".
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوان (ئەمەریکا) دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو جۆرە گرووپانەوە قەیران دروست بکەن و زیانمان پێ بگەیەنن؛ بەڵام کەس بە خەیاڵ نابێ بە ماڵ. دوژمن لەسەر دوژمنایەتیی خۆی و پیلان دانان ڕژدە و ئێمەش لەسەر بەرەنگار بوونەوەی دوژمن زۆر بە توندی ڕژدین".