هونەرمەند بەیتۆجان کۆچی دوایی کرد

بەیتۆجان
بەیتۆجان

K24 – هەولێر

دوای چەند ساڵێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشی هونەرمەندی ناوداری کورد بەیتۆجان لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

ئاوارە هەورامی پەیامنێری کوردستان24 لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند، شەوی رابردوو هونەرمەند بەیتۆجان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کردووە.

 ئادارجان، برای بەیتۆجان هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتراستکردەوە و گوتی: "ئێستا سەرقاڵی رێوشوێنە یاساییەکانین بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی بەیتۆجان.

چەند ساڵێکە بەیتۆجان باری تەندروستی ناجێگیربوو، چەند جارێکیش هەواڵی کۆچی دوایی لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە.

هونەرمەند بەیتۆجان، یەکێک بوو لە هونەرمەندە ناودارەکانی کوردستان و زۆربەی تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردن بە هونەری کوردی تەرخانکرد.

بەیتۆجان لە ساڵی 1955 لە شارۆچکەی فارقین-ی سەر بە پارێزگای دیاربەکری باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە ساڵی 1991ـەوە لە سوید دەژی.