به‌ره‌به‌یانی سبه‌ی به‌رازیل شه‌ڕی پێشه‌نگ ده‌كات

ڤینسیۆس جۆنیۆر و نێیمار دا سیلڤا
ڤینسیۆس جۆنیۆر و نێیمار دا سیلڤا

هەڵبژاردەی بەڕازیل له‌ پاڵاوتنه‌كانی مۆندیالی 2026، به‌ ئامانجی پارێزگاریكردن له‌ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی، رووبەڕووی پیرۆ دەبێتەوە.

بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە بەڕازیل لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی پیرۆ، یارییەکەش لە کاتژمێر 05:00ـی به‌ره‌به‌یان بەڕێوەدەچێت.

هەڵبژاردەی بەڕازیل بە بردنەوە دەستی بە پاڵاوتنەکان کرد و سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر بۆلیڤیا بەدەستهێنا و یارییەکەی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، لەبەرامبەردا پیرۆ رووبەڕووی پاراگوای بووەوە و بەبێ گۆڵ یەکسان بوون.

بە بردنەوەی ئەم یارییەش بەڕازیل لە پێشەنگی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیال دەمێنێتەوە کە بە جیاوازی گۆڵ لە پێش ئۆرۆگوای و ئارجێنتینا و کۆڵۆمبیا دەبینرێت.

فێرناندۆ دینێز راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل پێش رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی پیرۆ به‌شداریی له پرێس كۆنفرانسێك كرد و گوتی: ریچارلیسۆن کار دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسوودەتر یاریی بکات، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و زیاتر تامەزرۆی گۆڵکردن بێت، پێویستە زۆر بە ئاسوودەیی یاریی بکات، چونکە ریچارلسۆن هاوشێوه‌ی هێرشبه‌ره‌كانی دیكه‌ پێویستی بەوەیە تواناکانی خۆی بۆ ئێمه‌ نیشان بدات، ئێمە لەم رۆژانە ئەم قسانەمان بۆی کردووە و دوێنێ ئێوارەش لە مەشقەکان پێم گوت، ئێمە هەوڵدەدەین بەپێی توانا هاوکاریی یەکتر بکەین، دەمانەوێت هەمووان لە دۆخێکی باش بن و هەمووان بە دڵخۆشی ببینین.

راهێنه‌ری به‌رازیل لەبارەی هەڵبژاردەی پیرۆ رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان قەبارەی رکابەره‌كه‌ی ده‌زانن، ده‌شڵێت: بەباشترین شێوە خۆمان بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە، پیرۆ تەنیا گێرێرۆی نییە و ئێمە ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرجەم یاریزانەکان، پیرۆ هەڵبژاردەیەکی بەهێزە و پێویستە بە هۆشیاریەوە یاریی بکەین.