ئێران دیپلۆماتکارێکی یەکێتیی ئەوروپا دادگایی دەکات

ئاڵای ئێران و یەکێتی ئەوروپا
ئاڵای ئێران و یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر

ئێران دیپلۆماتکارێکی یەکێتیی ئەوروپا بەتۆمەتی تاوانی جەنگ دادگایی دەکات. گوتەبێژی دەسەڵاتی دادەوەری ئێرانیش رایدەگەیەنێت، دیپلۆماتکارەکە بە رەگەز سویدییە و ساڵێک لەمەوبەر دەستگیرکراوە.

رۆژی سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023، مەسعود ستایشی، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادەوەری ئێران رایگەیاند، دیپلۆماتکارێکی یەکێتی ئەوروپایان لە خاکی وڵاتەکەیان "بە تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانی جەنگ" دەستگیرکردووە و رەوانەی دادگای دەکەن.

مەسعود ستایشی باسی لەوەشکردووە، ئەو دیپلۆماتکارەی یەکێتی ئەوروپا کە دەستیگیریان کردووە بەرەگەز سویدییە و  لەمیانی مانەوەی لە ئێران لە تاوانی جەنگ تێوەگلاوە و دوای کۆتایهاتنی لێکۆڵینەوەکانیش رەوانەی دادگا کراوە.

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دیپلۆماتکارەی یەکێتیی ئەوروپا لەمانگی چواری ساڵی 2022 لە فڕۆکەخانەی تاران دەستگیرکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەیەک لەمەوپێش جۆسێپ بۆرێڵ، بەپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاشکرایکرد، ماوەی 500 رۆژە حکومەتی ئێران بە نایاسایی دیپلۆماتکارێکی یەکێتی ئەروپای دەستگیرکردووە و "داوای ئازادکردنی دەکەین".