چێنەر نزار: پەیکەری "قانیع"ـی شاعیر لە ئێستادا لە قۆناغی تەواوبووندایە

K24 – هەولێر:

چێنەر نزار، پەیکەرسازی بەتوانا لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی پەیکەری شاعیری گەورەی کورد "قانیع"ـە.

چێنەر لەم بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کارەکە لە ئێستادا لە تەواو بووندایە و لە نزیکی قۆناغی قاڵبکردنە، دوای تەواوبوونیشی لە مەراسیمێکی شایستە پێشکەشی کوردستان و سلێمانی دەکرێت، بۆ ئەو خزمەتە گەورەی کە بە ئەدەبی کوردی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد،"بێجگە لەم کارەم لەم پایزەدا پەیکەری "ژەنەراڵی پایز"ـم ئامادەیە کە چوار  ساڵە چاوەرێیم شوێنێکی باشم بۆ دابین بکرێت، بە خۆشحاڵیەوە ئەم ساڵ بریاڕە شوێنێکم بۆ دابین بکرێت، تێدا ئەو پەیکەرەش نمایش دەکرێت".

ناوبراو ئاشکراشی کرد"شانبەشانی ئەو پڕۆژانەم چەند پەیکەرێکی تریشم ئامادەیە وەک دانانی پەیکەری هونەرمەندی گەورە "ئەحمەد کایە" کارەکانی تەواو بووە لە ئێستادا لە قۆناغی ئەودایە کە پەیکەرەکە دابنێرێت لەگەڵ چەند کارێکی ترم لەوانەش"کەمالی، د.ئەنوەر شێخە ، فرەیدون عەلی ئەمین و خالید پاشا" ئەم پەیکەرانە گشتی تەواوبوونە هیوادارم لە ماوەی ئەم چەند مانگە تا سەری ساڵ بتوانم پێشکەشی بکەم".

چێنەر نزار هونەرمەندی پەیکەرساز خەڵکی شاری سلێمانیە و لە ئێستاشدا هەر لەوێ نیشتەجێیە ، پەیمانگای هونەرەجوانەکان بەشی پەیکەرسازی تەواو کردووە، بە پەیکەرە سەرنج راکێش و ناوازەکانی هەموو شارەکانی کوردستانی  رازاندووەتەوە.

s
s