ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە گەڕەکێکی هەولێر هەڵدەکوتنە سەر هاووڵاتییەک

K24 – هەولێر:

دوێنێ نزیکی نیوەڕۆ لە گەڕەکی رووناکی شاری هەولێر چوار کەس بە چەک هەڵدەکوتنە سەر هاووڵاتییەک و بڕێک پارەی لێ دەدزن.

ئەمڕۆ سێشەممە (12ـی ئەیلوولی 2023)، ئایدن عارەب، ئەو هاووڵاتییەی کە پارەکەی لێ دزراوە، کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکات و لە بازاڕ لە نزیک کۆتری سەڵام بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ نزیک نیوەڕۆ لەکاتی چوونی بۆ شوێنی کارەکەی لەپێش دەرگای ماڵەکەیدا ئۆتۆمبێلێکی ناناسراو بە خێرایی هات و خۆی پێیدا کێشا، هەروەها ئۆتۆمبێلەکە چوار چەکداری نەناسراوی تێدابوو کە سەرجەمیان دەمامکیان بەستبوو.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، ئەوەشی ئاشکراکرد، چاکدارەکان کاتێک ویستیان پارەکەی لێ بدزن و رایکرد، ئەوانیش لە رێگەی تەقاندنی چەند فیشەکێک هەوڵیاندا بیوەستێنن بەڵام ئەو هەر نەوەستا و دوای کەوتن و لە ئەنجامدا قۆڵبەستیان کرد و بە پشتی چەکەکەیان کێشایان بە ملیدا و کیسە پارەکە و مۆبایلیان لێ دزی.

بە گوتەی ئایدن عارەب، چەکدارەکان هەڕەشەی کووشتنیان لێکرد، هەروەها کاتێ کە پارەکەیان لێ وەرگرت رایانکرد. هاوکات داواکارە بکەرانی ئەو کارە دەستگیربکرێن و پارەکەی بۆ بگەڕێندرێتەوە.

ئەو هاووڵاتییەی گەڕەکی رووناکی ئاماژەی بەوەشدا، خاوەنی پێنج منداڵە و ساڵێنێکی زۆرە کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکات، گوتیشی: زیاتر لە 60 ملیۆن دیناری لێ دزراوە و لەگەڵ نزیکەی بای پێنج ملیۆن دینار لە کارتی مۆبایل.

ئایدن عارەب، ئەوەشی خستەڕوو، ئۆتۆمبێلی چەکدارەکان لە جۆری نیسان پیکاب بوو، دەشڵێت: کاتێک کە پارەکەیان لێسەندم دووایانکەوتم و بەڵام نەمتوانی بیانوەستێنم.

ناوبراو راشیگەیاند، "چەکدارە ناناسراوەکان تا بەرەبەیانی ئەمرۆ لە رێگەی موبایلەکەمەوە بەردەوام فێنککەرەوە (موبەریدە)ـی ناو ماڵەکەمیان دەکوژاندەوە کە بەرێگەی وایەرلێس(وایفای) کۆنێکتی موبایلەکەم بوو".

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.