هێمن میرانی: بڕیاری لێخۆشبوون بە رێژەی سەدا 20 لە سزاکانی هاتووچۆ لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت، لێخۆشبوون لە سەرپێچیەکانی هاتووچۆ 20% لە بەرژەوەندی شۆفێرانە و دەبێتە ئاسانکاری بۆیان، ناوبراو لەبارەی کامێرەی خاڵ بۆ خاڵ دەڵێت: ئەو کامێرەیە رووداوەکانی هاتووچۆی نەهێشتووە، جەختیشی لەوە کردەوە، هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی شۆفێراندا نەبێت رایدەگرن.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی کەوتونەتە ژێر قەرزێکی گەورەی ئۆتۆمبێل، هاووڵاتی هەبووە ئۆتۆمبێلەکەی لە نرخی خۆی زیاتر سزای لەسەر بووە، لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران تاویتوێ ئەو بابەتەمان کرد کە 20% سزاکان  و لە قەرزەکان هەمووی خۆش بین، سەرپێچییەکان لە 28ـی 3ـی 2023 تا 28ـی 2ـی 2024 ئەو سەرپێچیانەی کە پێشتر لەسەری بووە لەگەڵ ئەو سەرپێچیانەی کە نوێ دەکرێت هەمووی بەو رێژەیە داشکاندنی بۆ دەکرێت.

هەروەها راشیگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ بەوە تۆمەتبارکراوە کە خەریکی کۆکردنەوەی داهاتە، کاری وەزارەتی ناوخۆ کۆکردنەوەی داهات نییە، بەڵکو کاری پاراستنی سەلامەتی گشتییە، جەختی لەوەکردەوە،  20% داشکاندن کە دەکرێت دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە داهاتی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام هەر کارێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت بە زیانی حکومەتیش بێت ئەنجامی دەدەین.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر تا بەرواری 28ـی شووباتی 2024 هاووڵاتییان پاکتاوی داراییان نەکرد قەرزەکانیان لەسەر نابێتە دوو ئەوەندە، ئەو دەرفەتە زیاتر بۆ ئەو هاووڵاتییانەیە کە رۆژانە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئەنجامدەدەن.

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری لێخۆشبوون بە رێژەی 20% لە سزاکانی هاتووچۆ لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە.

ناوبراو روونیکردەوە، ئەو سیستەمە بە هیچ جۆرێک جیاوازی ناکات لەنێوان هاووڵاتییان، لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی خەڵکە، داهاتی سزاکانی هاتووچۆ زۆر کەم دەکات بەهۆی ئەوەی شۆفێران ئاگەدار دەکرێنەوە لە سزاکان و ناچار دەکرێن لە ماوەی مانگێکدا ئەو سزایە بدەن.

لەبارەی کامێرەی خاڵ بۆ خاڵ هێمن میرانی گوتی: کامێرەی خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامە خێراکان و  لە شەقامەکانی دەرەوەی شاریش دادەنرێن، دانانی ئەو کامێرانەش سوودێکی زۆری هەبووە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، روونیکردەوە، لەگەڵ عەقید بەختیار بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی قسەم کرد، ئاماژەی بەوەکرد "ئەو کامێرایەی لە رێگەی تاسلوجە تا دووکان دانراوە، لەو ماوەیەدا یەک رووداوی بریندار و مردن تۆمار نەکراوە، چونکە خەڵکەکە ناچارە خۆی بگونجێنێت لەو سیستەمە کە دانرەوە، هاوکات رووداوەکان تا ئاستی سفر دێن".

میرانی، گوتیشی: ئامانجی وەزارەتی ناوخۆ هەرگیز کۆکردنەوەی داهات نییە بەڵکو ئامانجی حیسابکرنە بۆ گیرفانی خەڵک، لە بارەی دروستکردنی ئەپلیکەیشنێکەوە ئاماژەی بەوەدا، ئەپلیکەیشنێک دروست دەکەین و هاووڵاتییان لە سزاکان ئاگەدار دەکەینەوە، کە لە ماوەی مانگێک دەبێت بڕی سزاکە بدات، ئەو ئەپلیکەیشنە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت.

هەروەها دەشڵێت: ئەگەر بڕیاری پاکتاوکردنی سزای مانگانەی شۆفێران، لە بەرژەوەندی ئەوان نەبوو ئەوە ئەو بڕیارە رادەگرین، باسی لەوەشکرد، بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاساکانی هاتووچۆ رووداوەکانی هاتووچۆ زیادیانکردووە.

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەشی خستەڕوو، لە دوای 29ـی شوباتی 2024 ئەو سەرپێچیانەی کە تۆمار دەکرێن و دوای مانگێك پاکتاو ناکرێن دەبنە دوو بەرامبەر، واتە ئەو کات دەبێت هاووڵاتییان  مانگانە پاکتاوی سزاکان بکەن، ئەگەر هاتوو لە دوای ئەو رێککەوتە سەرپێچیەک تۆمار بکەن لە ماوەی مانگێک پاکتاوی نەکەن تەنیا ئەو سزایە دەبێتە دوو ئەوەندە نەک قەرزە کۆنەکان ئەوەی لەسەریان بووە و پاکتاویان نەکردووە.

لەبارەی ئۆتۆمبێلە جام رەشەکان کە ئایا سزای هاتووچۆ دەیانگرێتەوە یا نا، هێمن میرانی گوتی: داوا لە هاووڵاتییان دەکەم هەر ئۆتۆمبێلێکی جام رەشیان بینی کە سەرپێچی ئەنجامدەدات، با بەمۆبایلە زیرەکەکەکانی خۆیان وێنەی بگرن و بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی بنێرن و ئەو کاتە شۆفێری سەرپێچیکارەکە سزا دەدرێت، هەروەها بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەش دەستیشیان بەسەردا گیراوە.