لە سلێمانی تەقە لە هێزە ئەمنییەکان دەکرێت

شاری سلێمانی - وێنە: ئەرشیف
شاری سلێمانی - وێنە: ئەرشیف

K24 – سلێمانی:

لە سلێمانی تەقە لە هێزە ئەمنییەکان دەکرێت و تاوەکو ئێستاش تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک کە لە دوو سەرنشین پێکهاتبوون دەمەقاڵییان لەگەڵ چەند کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ دروست دەبێت لە نزیک سەرای سلێمانی، تەقە بە رووی تیمەکانی ئاسایش و هاتووچۆی سلێمانی دەکەن و هەڵدێن.

لە نزیک شوێنی رووداوەکە کە چەند شەوێکە فێستیڤاڵێک بەڕێوەدەچێت کە بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی شاری سلێمانی سەردانی دەکەن، قەرەباڵەغییەک لە شەقامەکانی دەوروبەری سەرای سلێمانی دروستبووە و رووداوی تەقەکردنەکەش بووە هۆی تێکدانی فێستیڤاڵەکە و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان.

بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان بۆ کوردستان24، دوای ئەوە ئۆتۆمبێلەکە بە خێراییەکی زۆر رۆیشتووە، لەلایەن تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆوە راگیراوە و داوای مۆڵەتی شۆفێریی لە شۆفێرەکە کراوە و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵی و تەقەکردن لە هێزەکان، دواتریش هەڵاتوون.

هەروەها دوای رووداوەکەش، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و بەدوای دۆزینەوەی تەقەکەرەکانن.