ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە قوتابخانەیەکی هەولێر زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدات

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 13/9/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2023 – 2024 لێدەدرێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر قوتابخانەی دواناوەندی تێکەڵاوی گوندی کۆری دەکاتەوە، کە دوای لافاوەکەی هەولێر فەرمانیدا بە دروستکردنی ئەو قوتابخانەیە و بەردی بناغەی دانرا، ئەمڕۆ لەو قوتابخانەیە زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدات.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەك ملیۆن و 700 هەزار قوتابی بەشداری لە پڕۆسەی خوێندندا دەکەن، لەنێویاندا 1500 هەزار قوتابی نوێ تۆمارکراون، کە لە پۆلی یەکی بنەڕەتییەوە لەساڵی نوێی خوێندن بەشداردەبن.

بەپێی داتاکان، خەرجی ساڵانەی کەرتی پەروەردە دوو تریلیۆن دینارە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

لە چوار ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای قەیرانەکان و گوشارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە نە ناردنی مووچەی مووچەخۆران و شایشتە داراییەکانی هەرێمی  کوردستان، بەڵام حکومەتی هەرێم لە گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی پەروەردە بەردەوامبووە، لەو ماوەیەدا توانراوە 90 بینای نوێی قوتابخانە و باخچەی منداڵان دروست بکرێن و  هەزارو 500 قوتابخانە و باخچەی منداڵانیش نۆژەن بکرێنەوە و 500 هۆڵی نوێی خوێندنیش دروست بکرێن، بۆ ئەوەی کێشەی سێ دەوامی قوتابخانەکان و قەرەباڵغی سەر ناوەندەکانی خوێندن کەم بکرێتەوە.

بەگوێرەی ساڵنامەی خوێندن کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکەم رۆژی دەوام بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) لە ئەمڕۆ (13ـی ئەیلوولی 2023) دەستپێدەکات و هەفتەی یەکەمیش تایبەت دەبێت بە ئامادەکاری و رێنوێنی بۆ دەستپێکی خوێندن.

هاوکات ساڵنامەکەی خوێندن لەسەر بنەمای بڕیارێکی پێشووی وەزارەتی پەروەردە داڕێژراوە کە رۆژانی شەممە لە ناوەندەکانی خوێندن کراوەتە پشوو، لە هەفتەیەکدا پێنج رۆژ وانە دەخوێندرێت و یەکەم هەفتەی خوێندنی وەرزی یەکەم لە (17ـی ئەیلوولی 2023) دەستپێدەکات و تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزەکەش لە (3 تا 15ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەدەچێت.

کۆی گشتی رۆژەکانی خوێندن لە وەرزی یەکەمدا 83 رۆژ دەبێت و دوای کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکانیش، (16 تا 20ـی کانوونی دووەمی 2024) پشووی وەرزی یەکەمی خوێندنی (2023-2024) دەبێت.

لەبارەی وەرزی دووەمی خوێندن، لە ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، (21ـی کانوونی دووەمی 2024) یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندن دەبێت و رۆژی (14 تا 23ـی ئایاری 2024) تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان و تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی بەڕێوەدەچێت.

هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، (3ـی حوزەیران تا 1ـی تەممووزی 2024) خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) و خولی دووەمیش لە (4ـی ئاب تا 12ـی ئابی 2024) بەڕێوەدەچن.

هەروەها لە (9ـی حوزەیرانی 2024) تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان و پۆلی نۆی بنەڕەتی دەستپێدەکەن و ئەو رۆژانەشی کە تاقیکردنەوەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت لە ساڵنامەکە ئاماژەی پێکراوە.

کۆی گشتی سەرجەم رۆژەکانی خوێندن لە وەرزی دووەمی خوێندنی (2023-2024) بەپێی ساڵنامەکە 81 رۆژ دەبێت و ئاماژە بەوەشکراوە، لە (14 تا 25ـی نیسانی 2024) تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم بۆ هەردوو قۆناغی نۆی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی لەسەر ئاستی ناوەندەکانی خوێندن بەڕێوەدەچن و لەو ماوەیەشدا خوێندن لەو دوو قۆناغە رادەگیرێت.

لە (3 تا 13ـی ئاداری 2024) تاقیکردنەوەکانی بەرایی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەڕێوەدەچن و لە (8 تا 13ـی ئایاری 2024)ـیش تاقیکردنەوەی کرداریی پۆلی 12ـی ئامادەیی پیشەییەکان لە خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان بەڕێوەدەچن.

سەبارەت بە پشووەکانی مانگی ئاداریش، ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە روونیکردووەتەوە، کە بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەنیا رۆژەکانی (5، 11، 14 و 20 تا 23)ـی مانگی ئادار پشووی فەرمی دەبن لە ناوەندەکانی خوێندن.