فەرەنسا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران هێزی ئەمنی زیاتر دەباتە سنوورەکان

K24 - هەولێر

فەرەنسا رێوشوێنە ئەمنییەکانی خۆی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئیتاڵیا بەهێزتر دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان کە لە رێگەی دەریاوە روو لەو وڵاتە دەکەن بەشێکیشیان هەوڵی پەڕینەوە بۆ فەرەنسا دەدەن.

ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە دەگەنە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە. زۆرێک لەوانە هەوڵدەدەن لە رێگەی سنووری بەرزاییەکانی چیای ئالپ لە نێوان هەردوو وڵاتدا خۆیان بگەیێننە فەرەنساوە.

پرسی کۆچی نایاسایی هەمیشە پرسێکی سەخت بووە لە پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و ئیتالیادا.

دوابەدوای سەردانێکی بۆ ناوەندی سنووری مێنتۆن لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، جیراڵد دارمانین وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێوشوێنە ئەمنییەکانی لەم ناوچەیە بەهێزتر دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی هاتنی کۆچبەران بە ڕێژەی 100% زیادیکردووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ناوچەی ئاڵپ و ماریتم و تەواوی ناوچەکەی هەیە".

روونیشیکردەوە، ژمارەی یەکە گەڕۆکەکان چ پۆلیس بێت یان سەرباز، لە دوو یەکەوە بۆ چوار یەکە زیاد دەکات، بەمەش کۆی ژمارەی ئەندامەکانیان دەگاتە زیاتر لە دوو سەد کەس.

وەزیرەکە دووپاتیکردەوە کە ژمارەی ئەو کارمەندە سەربازییانەی کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "سەنتینێل"دا بۆ ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی شەوانە لە چیاکاندا دەستنیشان دەکرێن، لە 60 کارمەندەوە بۆ 120 کارمەند زیاد دەکرێت.

لە کۆتایی مانگی نیساندا، ئەلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، ناردنی 150 سەرباز و پۆلیسی زیادەی بۆ ئەم ناوچەیە راگەیاند.

دارمانین هیوای خۆی دەربڕی کە توانای فەرەنسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بەهێزتر بێت لە رێگەی زۆر ئامرازی تەکنەلۆژی و رێکخستنی باشتر و یاسایەک کە هیوادارە لە بەهاردا دەربکرێت.

بەڵام وەزیری فەرەنسا لە هەمان کاتدا دانی بەوەدانا کە زۆر هۆکار هەن کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران، لەوانە نائارامییەکانی ئێستای ناوچەکانی ئەفریقا.