نێچیرڤان بارزانی: مەسرور بارزانی بەردەوام لەگەڵ سوودانی لەبارەی مووچە لەسەر هێڵە

کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، ئەو مامەڵەی ئێستا حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، "مامەڵەیەکی فیدراڵی نییە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلێکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چەند بابەتێکی دیکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و پرسی مووچە

 لەبارەی هەوڵەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "هەموومان هەوڵمان داوە (بۆ چارەسەرکردنی كێشەکە)؛ سەرۆکوەزیرانی خۆمان بە بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە. بەندە خۆم بە بەردەوام لەسەر هێڵم".

وەکو ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کرد، "نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێک بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر پابەندییەک لەسەری بووە، لەم ماوەی پێش یاسای بودجە، هەمووی جێبەجێکردووە و بەو پەڕی شەفافییەتیشەوە لەگەڵ بەغدا هەڵسوکەوتی کردووە؛ ئێمە پێشبینی دەکەین بەغداش بەو شێوەیە هەڵسوکەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات".

بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، "بابەتی مووچە بابەتێک نییە، لە بنەڕەتدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت؛ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، وەکو بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراق کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات چارەسەربکات. هەر بۆ ئەو مەبەستە ئێمە لەسەر هێڵین و، بەم نزیکانە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئاوات شێخ جەناب،  وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات. هیوادارین ئەم کێشەیە و کێشەکانی دیکەش بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەربکرێن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی چوونی بۆ بەغدا، دووپاتیدەکاتەوە، "هەر کاتێک پێویست بکات، سەردانی بەغدا دەکەین. بابەتی چوونی ئێمە بۆ بەغدا، زۆر ئاساییە؛ ئێمە لەم وڵاتەدا دەژین، ئێمە لە سنووری جۆگرافییەک دەژین، کە جۆگرافی عێراقە و ئێمە بەشێکین لێی. سەردانی ئێمە دەبێت زۆر بە ئاسایی وەربگیرێت".

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "حکومەتی ئێستای عێراق لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی دوورودرێژی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پێکهێندراوە؛ کورد، سوننە و شیعە تێیدا بەشداربوونە. ئێمە رێککەوتنێکی نووسیمان هەیە بۆ بەشداریکردن لەم حکومەتە و بەشێکی سەرەکین لێی، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێکی خۆمان بدەین، ئەم کێشانەی ئێستا هەن، بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکەین لەگەڵیان و پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت".

لەبارەی رادەستکردنی ئامار و داتاکانی تایبەت بە داهاتی ناوخۆ و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: "دەتوانم بڵێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پەڕی شەفافییەتەوە، مامەڵەی لەگەڵ بەغدا کردووە و داتاکانیش (داتای تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان)، داتای دروستن و هیچ داتایەکیش نییە بە هەڵە رەوانەی بەغدا کرابێت و، ئێمە هیوادارین دیسانەوە ئەم بابەتە تێکەڵی بابەتی سیاسی نەکرێت."

نێچیرڤان بارزانی روونیکردەوە، "بابەتی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە وەکو ئەوەی دەستووری عێراق باسی دەکات. چاوەڕانی ئەوە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کە پێویستە ئەم بابەتە بە زووترین کات چارەسەرببێت".

کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە گوتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "هەر کێشەی مووچە نییە. کێشەی ماددەی 140ـمان هەیە، کە بە لای ئێمەوە زۆر گرنگە، بابەتی رێککەوتنی شنگال هەیە، کە بە لامانەوە زۆر گرنگە و دەبێت چارەسەربکرێت و، لە هەمووی گرنگتر و دەبێت بە ڕاستی چارەسەربکرێت، ئەوەیە، ئایا سیستەمی عێراق، فیدراڵییە یان ناوەندییە؟ ئەو مامەڵەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت، مامەڵەیەکی فیدراڵی نییە و، ئێمە هیوادارین بە هاوکاری لەگەڵ بەغدا، بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر سیستەمی فیدراڵی لە عێراق".

پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی

نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئەگەر ئێوە سەیری هەموو قسەکانی من بکەن، لە چەندین ساڵی رابردوو، هەمووی دووپاتکردنەوەیە، ئێستاش دووپاتکردنەوەیە، لەسەر ئەوەی تا ئێمە، تا ڕادەیەکی زۆر لەناوخۆمان؛ بە پارتی، یەکێتی و لایەنەکان، هەموومان تێگەیشتنێکی دروستمان لەسەر بارودۆخەکە نەبێت و پێکەوە نەبین، هەر بەردەوام ئەو کێشانە دێنە پێشەوە و چارەسەریش تەنها ئەوەیە کە دەبێت ئێمە زمانێکی هاوبەش پەیدابکەین بۆ مامەڵەکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان، لەناوخۆمان و لە عێراقیش".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "بابەتی بودجە و مووچە تەنها پەیوەندی بە یەک لایەنەوە نییە، بابەتێک نییە، پەیوەندی بە یەک حزبەوە هەبێت. ئەمە پەیوەندی بە هەموو هەرێمی کوردستانەوە هەیە و، هەموو لایەنە سیاسییەکان و گەلی کوردستان، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، دەبێت لەسەر ئەم بابەتە یەک هەڵوێست بێت و پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت".

یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هاکارییەکانی ئەمەریکا و هاپەیمانان

وەکو ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کرد، بابەتی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، "بابەتێکی گرنگە و هاوپەیمانان و ئەمەریکا گلەیی گەورە لە لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت پارتی و یەکێتی هەیە. ئەمەریکییەکان گلەییان هەیە لەوەی پڕۆسەکە (یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە) زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت و، ڕاستیشە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام مانای ئەوە نییە هیچ نەکرابێت، شت کراوە، بەڵام ئەو هەنگاوانەی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نراون، هەنگاوی گەورە نین. هیوادارین ئەو هەنگاوانە زیاتر پەرەیان پێ بدرێت و ئەم هێزانە ببن بە یەک".

لەبارەی رۆڵی ئەمەریکا، لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر، بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، "ئەمەریکییەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربکرێن. رۆڵی ئەمەریکا، رۆڵێکی یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

هەڕەشەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

رۆژی سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا، لە بەغدا رایگەیاند، "حزب و رێکخستنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نزیکەی 50 ساڵە لە عێراقن و هەرێمی کوردستان رێکاری پێویستی بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە سنوورەکان ناوە و لە ناوچەکانی دیکە نیشتەجێ دەکرێن."

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، "بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی عێراق و ئێران واژۆکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێزانە لە ناوچە سنوورییەکان و نیشتەجێکردنیان لە ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، عێراق پابەندی رێککەوتنەکە بووە و چاوەڕێی هەمان ئەنجامین لە لایەنی ئێرانی".

لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "رێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان بەغدا و تاران واژووکراوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق، پابەندی ئەم رێککەوتنەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ هیچ یەک لە دراوسێیەکانمان؛ نە بوو ئێران، تورکیا یان هیچ لایەنێکی دیکە. لەم چوارچێوەیەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا هەندێک هەنگاوی گرنگ نراوە. ئێمە هیوادارین ئەو هەنگاوانە ببنە هۆی ئەوەی هیچ کێشەیەکی ئەمنی و سەربازی دروست نەبێت و، خۆم بڕواناکەم هیچ بیانوویەک بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هەبێت".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، خۆتان دەزانن کێشەیەک دروستبوو و دوای ئەوە من رۆژی هەڵبژاردنم دەستنیشانکردووە. ئێستا بابەتی هەڵبژاردن پەیوەندی بە کۆمیسیۆنی عێراقەوە هەیە، نامەشیانم بۆ نووسیوە و، ئێمە چاوەڕوانین ئەوان دەست بە هەنگاوە کردەییەکان بکەن بۆ جێبەجێکردنی هەڵبژاردن. هەموو لایەنەکان پابەندن بەم بابەتە".