سێ حاڵەتی کۆلێرا لە دهۆک تۆمارکران

ئەڤرەسیاب مووسا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک
ئەڤرەسیاب مووسا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک

K24 – دهۆک

ئەڤرەسیاب مووسا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، سێ حاڵەتی کۆلێرا لە دهۆک تۆمارکران و 50 حاڵەتی گومانلێکراویش هەن.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، دوای ئەنجامدانی پشکنین پشتڕاستکرایەوە کە سێ کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک تووشی نەخۆشی کۆلێرا بوونە، هەروەها 50 کەسی دیکە گومانیان لێدەکرێت تووشی کۆلێرا بووبن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو سێ کەسەی تووشی کۆلێرا بوونە، چارەسەریان وەرگرتووە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

ئەڤرەسیاب مووسا ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەکیان پێکهێناوە و رێنمایی نوێ بۆ خواردنگەکان و بازاڕ دەردەکەن و ئەو شتانەی کە هۆکارن بۆ تووشبوون بە کۆلێرا قەدەغەی دەکەن و دەبێ رێنماییەکان جێبەجێ بکرێن.

گوتیشی: "لە خواردنگەکان سەوزە قەدەغە دەکرێت، جگە لە خەیار و تەماتە نابێ هیچ سەوزەیەک پێشکەش بکرێت، داواش لە هاووڵاتییان دەکەین کاتێک سەوزە لە بازاڕ دەکڕن بە باشی بە ماددەی پاککەرەوە پاکی بکەنەوە".

باسی لەوەشکرد، ئاوی پیس یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، بۆیە دەبێ هاووڵاتییان ئاوی پاک بخۆنەوە و بەکاری بێنن.

داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە هاوکاربن لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان، بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی کۆلێرا.