نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه
K24 - هەولێر
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/9/13 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له ئەلێکساندەر شۆڵنبێرگ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه جێگرانى سه‌رۆكی هەرێم و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌نديه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له نه‌مسا ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، كۆچى ناياسايى بۆ ئه‌وروپا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، تاوتوێ كران.
نێچيرڤان بارزانى وێراى ئاماژه‌دان به په‌يوه‌نديى له‌مێژینه‌ى هه‌ردوولا و ستايشى پشتگيريى نه‌مسا له هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌واميى گه‌شتيى راسته‌وخۆى ئاسمانيى ڤيه‌ننا ـ هه‌ولێر، پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كرد بۆ دووباره كردنه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌يان له به‌غدا و داواى كرد نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ نه‌مسا له هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه.
لاى خۆيه‌وه وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا دووپاتىكرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له هه‌ولێر بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه كه‌رتى تايبه‌تى نه‌مسايى خوازياره وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستان بكات. له‌مباره‌يه‌وه هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه سهقامگيريى سياسى و ئه‌منى گرنگه بۆ راكێشانى سه‌رمايه‌گوزاريى بيانى و پێشكه‌وتنى ئابوورى. ده‌رباره‌ى كۆچى ناياساييش، هه‌ردوولا داكۆكييان له‌وه كرده‌وه كه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆچى ناسايى، ده‌بێ هه‌ماهه‌نگيى هه‌مه‌لايه‌نه له‌نێوان وڵاتانى ئه‌وروپا و ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.
سه‌باره‌ت به كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، نێچيرڤان بارزانى دووپاتىكرده‌وه كه ده‌بێ كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و سيستمى فيدراڵى به ته‌واوى جێ‌گير ببێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گفتوگۆيه‌كى بنياتنه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى لێكگهيشتنى هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ر و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌كان، به‌ڕێوه بچێت. هه‌روه‌ها جه‌ختی له په‌يوه‌نديى دراوسێيهتيى باش له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و پاراستنى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش كرده‌وه.
چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.