سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی نەمسا دەکات

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/13 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلکساندەر شالنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا( ئۆستریا) کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو ، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا تاووتوێ کرا .

سەرۆکی حکومەت سوپاسی حکومەت و خەڵکی نەمسای کرد بۆ پشتگیریی خەڵکی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا. خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەمسا لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.

وەزیری دەرەوەی نەمسا ئاماژەی بەوەدا کە هاتنمان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ جەختکردنەوەیە لە سەر دۆستایەتیمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و بۆ برەودانە بە پەیوەندیی لەمێژینەمان .

تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان ، تایبەت بوو بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی پاراستن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان . هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پێویسیی بەهێزکردن و پتەوکردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و سوود وەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی فیدرالیزم لە جیهان و ئەوروپا و لەنێویشیاندا نەمسا کردەوە.

ڕووبەڕووبوونەوە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

78
876
768
768