خێراکردنی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ بەرپرسی راوێژکارانی هاوپەیمانان تاووتوێ ده‌كرێت

K24 - هەولێر:

كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ ئاماده‌بوونی بەرپرسی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و شاندێکی ڕاوێژکاران لە هەرێمی کوردستان له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت و تێیدا خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە بە پێی پلانی ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان خرایە بەرباس.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 13ـی ئه‌یلوولی 2023) لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەسەرپەرشتی عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەئامادەبوونی جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک، نوێنەری فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80ـی هێزی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ جیم هەنتەر، بەرپرسی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و شاندێکی ڕاوێژکاران لە هەرێمی کوردستان و  ژمارەیەک لە گەورە ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەی فیرقەکانی یەک و دووی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە بەپێی پلانی ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان خرایە بەرباس، هاوکات گفتوگۆ کرا لەسەر پشتگیریکردن لە سەرجەم یەکە سەربازییەکان و هەماهەنگی کردن لە نێوان فیرقەکان و خێراکردن لە پڕکردنەوەی میلاکیان و گواستنەوەی راژەی ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی کە بۆ پڕکردنەوەی میلاکی بەش و هۆبە و یەکە مەیدانییەکانی فرقەکان داندراون، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان و پشتیوانیکردن لە فەرماندەیی هەردوو فرقەی پیادە، لەپێناو کارابوون و بەگەڕخستنی تەواوی تواناکان لەناو یەکەکاندا، کرایەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی ئەرکان تیشکی خستە سەر پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە و هەڵگرتنی ئەرک و بەرپرسیارییەتی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە و رایگەیاند: پڕۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆژەیەکی نیشتیمانییە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئامانجی بونیاتنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی پابەند بە دیسپلینە سەربازییەکانە، هاوکات سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکانیان بۆ ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.