یونسێف: یەک لەسەر شەشی منداڵانی جیهان لە هەژاری ڕادەبەدەردا دەژین

داوا لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت نەهێشتنی هەژاری منداڵ بکەنە پێشینەی کارەکانیان
داوا لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت نەهێشتنی هەژاری منداڵ بکەنە پێشینەی کارەکانیان

K24 - هەولێر

سندوقی هاوکاری منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف)، بڵاویکردەوە، 33 ملیۆن منداڵ کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر شەشی منداڵانی جیهان، لە هەژاری ڕادەبەدەردا دەژین.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ڕۆژێکدا لە خوار دوو دۆلار و 15 سەنتەوە دەژین و وەک "لە هەژاری ڕادەبەدەردا دەژین" دادەنرێن، لە ساڵی 2013ەوە تا 2022 سەدا 13 دابەزیوە و، لە 383 ملیۆنەوە داکشاوە بۆ 333 ملیۆن.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە هەفتەی داهاتوو لە نیویۆرک دەستپێدەکات تاوتوێ دەکرێت و، ئەگەر بەم خێرایی بڕوات، ئەوا تا ساڵی 2030 ناتوانرێت بە ئامانجی نەهێشتنی هەژاری منداڵان بگات.

وەکو ئەوەی لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، ناوچەی ئەفریقای ژێر سەحرا، گەورەترین کێشەی هەژاری منداڵانی هەیە و سەدا 40ی ئەو منداڵانەی "لە هەژاری ڕادەبەدەردا دەژین" لەم ناوچەیەدان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە ڕێژەی هەژاری منداڵ لە ساڵی 2013دا لەم ناوچەیەدا سەدا 54.8 و لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە سەدا 71.7.

یونسێف و بانکی جیهانی داوا لە حکومەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن نەهێشتنی هەژاری منداڵ بکەنە پێشینەی کارەکانیان.