ئەمەریکا لەبارەی سەردانەکەی کیم جۆنگ ئۆن بۆ رووسیا: نابێت کەس یارمەتی پوتن بدات

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت، ئەگەر کۆریای باکوور یارمەتی رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیا بدات، ئەوا ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێککاری پێویست بەرانبەر ئەو وڵاتە دەگرنەبەر.

رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی لەبارەی سەردانەکەی  کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ رووسیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە، رایگەیاند، "ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین و نابێت هیچ کەس و وڵاتێک یارمەتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بدات لە کوشتنی ئۆکرانییە بێ تاوانەکان".

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، "چاوەڕێین بزانین هەردوو لایەن سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان چی دەڵێن. هەر وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، داوا لە کۆریای باکوور دەکەین پابەندی بەڵێنەکانی بۆ رای گشتی بێت و پشتوانی رووسیا لە جەنگی دژی ئۆکرانیا نەکات".

وەکو ئەوەی جۆن کێربی دەڵێت، "نابێت هیچ کەس و وڵاتێک لەسەر ئەم هەسارەیە یارمەتی پوتن بدات لە کوشتنی ئۆکرانییە بێ تاوانەکان. ئەگەر بڕیاریشیان دا رێککەوتی دابینکردنی چەک بکەن، بێگومان رێککاری پێویست لەو بارەیەوە دەگرینە بەر."

 گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی قسەیەکی پێشتری راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، "هەر وەک جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە لەلایەن ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کاردانەوەی پێویست بەرانبەر کۆریای باکوور دەگیرێتەبەر."

رۆژی سێشەممە 12ـی ئەیلوولی 2023، شەمەندەفەرەکەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور گەیشتە هەرێمی پریمۆرسکی رووسیا لە سیبریا و دواتر لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پابەبدن بەو مەرج و سزایانەوە کە بۆ هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ کۆریای باکوور دانراون، بەڵام دەیانەوێت لەرووی مرۆییەوە هاوکاری ئەو وڵاتە بکەن. راشیگەیاند: "بێگومان هەندێ مەرج و سزا هەن بۆ هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ کۆریای باکوور کە ئێمە پابەندین پێیانەوە".

سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "شتانێکی دیکە هەن کە ئێمە گرنگی پێبدەین و قسەیان لەسەر بکەین، رووسیا وڵاتێکە پشت بەخۆی دەبەستێت، بەڵام لەچوارچێوەی یاساکاندا دەرفەت لەنێوان ئێمە و کۆریای باکوور هەیە".