شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا

K24  - هەولێر

کەمێک پێش ئێستا شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەستپێدەکات.

گوتیشی: "شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لە سەرەتادا لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە. هەر ئەمڕۆ کۆمەڵێک دیداریان لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەبێت لەنێویاندا نووری مالیکی، هادی عامری، عەمار حەکیم، حەیدەر عەبادی".

پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشدا، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، کە لەناو یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، بەڵام ئێستا ئەو شایستە داراییانە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و ئاستەنگی بۆ دروستکراوە.

راشیگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن. هەروەها دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کێشە و بابەتە سیاسییەکانی دیکە جیا بکرێتەوە.