جەمال کۆچەر: دەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ دەنگی شاندی حکومەتە

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرەڕای بوونی ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز لە هەرێمی کوردستان، لایەنە سیاسیاسییە کوردستانییەکان لە بەغدا هاوهەڵوێستن. دەشڵێت، سەردانەکەی شاندنی حکومەت بۆ بەغدا رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو و ئەندامی لیژنەی دارایی و ئاىووری پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دەنگی هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ دەنگی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، یەکێک لە ئامانجەکانی شاندەکە جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو پێیوایە کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەمڕۆ یەکلاناکرێنەوە، "چونکە کێشەکان زۆر گەورەن؛ یەک کێشە نییە بە دانیشتن لەگەڵ ژمارەیەک کەس بە 10 خۆلەك چارەسەربکرێن. چار كێشەی گەورەمان هەن، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، تێچووی گواستنەوەکەی، داهاتی دەروازە سنوورییەکان و ڕادەستکردنی داهاتی گشتیی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵی".   

جەمال کۆچەر گوتیشی: "ئەگەر ئێمەی لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ناکۆکی و بۆچوونی جیاوازمان لەبارەی چەند پرسێک هەبن، بەڵام لە بەغدا ئێمە یەک دۆسیەمان هەیە و قەوارەیەکمان هەیە هەموومان کۆدەکاتەوە. ناکۆکییەکانمان لە هەرێمی کوردستان نایەنە بەغدا و ئێمەش بە پێشوازیکردن لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ویستوومانە ئەو وێنەیە پیشان بدەین".

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئەندامێتی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت گەیشتە بەغدا.

شاندەکە لەلایەن ئەحمەد مبەرقەع، نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا پێشوازی لێ کرا.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی کۆشکی سەلام لە بەغدا دەکەن و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبنەوە و دواتریش لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کە ئەندامن لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە.

پەیامنێرمان، راشیگەیاند، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، کە لەناو یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و ئاستەنگی بۆ دروستکراوە.

راشیگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن. هەروەها دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کێشە و بابەتە سیاسییەکانی دیکە جیابکرێتەوە.