رێبوار هادی: کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەت لە بەغدا ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت

رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، یەکدەنگی کورد هێزێکی زۆر دەداتە هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا و دەڵێت، "پێموایە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا میوانی بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو.

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "پێموایە دوای کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، گۆڕانکاری لە بیروبۆچوونی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت و چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەکانی شاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی ئەرێنیان هەبێت". 

 رێبوار هادی ئاماژە بەوە دەدات، "یەکدەنگی کورد هێزێکی زۆر دەداتە هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، ئەگەر لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە و رۆژی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان یەک دەنگ و هاوهەڵوێست بوونایە، هەڵبەتە ئەنجامەکان باشتر دەبوون. بەهەمان شێوە بۆ سەرجەم کێشەکانی دیکەی کـورد کــە لەگــەڵ حکومـەتی فیدراڵی هـەیەتی".

وەکو ئەوەی رێبوار هادی باسی دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکردوون و ئەوەی رێگرە لە بەردەم ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، "زیاتر سیاسییە لەوەی پەیوەندی بە ژمارە و ڕادەستکردنی داهاتەکانەوە هەبێت، وەکو ئەوەی هەندێک لایەن باسی دەکەن؛ حکومەتی فیدراڵی نایەوێت یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێ بکات".

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئەندامێتی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت گەیشتە بەغدا.

شاندەکە لەلایەن ئەحمەد مبەرقەع، نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا پێشوازی لێ کرا.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی کۆشکی سەلام لە بەغدا دەکەن و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبنەوە و دواتریش لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کە ئەندامن لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە.

پەیامنێرمان، راشیگەیاند، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، کە لەناو یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و ئاستەنگی بۆ دروستکراوە.

راشیگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن. هەروەها دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کێشە و بابەتە سیاسییەکانی دیکە جیابکرێتەوە.