ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا: ئێران بە ئەنقەست هاوکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ناکات

K24 - هەولێر

ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایانگەیاند، ئێران رەتی دەکاتەوە، بە جددی هاوکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بکات.

لە راگەیەندراوەکەدا کە لەسەر ماڵپەڕی حکومەتی بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە، ئەو چوار وڵاتە دەڵێن: هیچ پێشکەوتنێک لەگەڵ ئێراندا نەکراوە، لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و چالاکییەکانی دڵنیابوونەوە لەوەتەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە حوزەیرانی 2023. ئەنجامدراوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، داوا لە ئێران کراوە "بەبێ دواکەوتنی زیاتر زانیاری باوەڕپێکراوی تەکنیکی پێشکەش بکات" سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەو بەشەی یۆرانیۆم کە لە دوو شوێن دروستکراوە.

ئەوەش هاتووە، "هەوڵەکانی ئێران بۆ تۆقاندنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، جێی قبوڵکردن نییە و داوا لە ئێران دەکات، بەبێ دواکەوتن هەنگاو بنێت بۆ روونکردنەوە و چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان"، جەختیشی کردەوە، کە "ئەگەر ئێران پابەندبوونی نیشان نەدا، ئەوا دەبێت ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر و لێپێچینەوە کردن لەهەڵیدا".