کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەیاد عەلاوی دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانی عێراقی
کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانی عێراقی

K24 - هەولێر

کەمێک پێش ئێستا، کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانی عێراقی دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کەمێك پێش ئێستا، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانی عێراقی دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەم کۆبوونەوەیە، بڕیارە سەرۆکوزەیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ کۆببێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و  محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. ئەندامێکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی ئەرێنی بووە و "هەواڵی خۆش هەیە".

دوای گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئەندامێتی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت گەیشتە بەغدا.

شاندەکە لەلایەن ئەحمەد مبەرقەع، نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا پێشوازی لێ کرا.