حەیدەر عەبادی: داوا دەکەین شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکرێت

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، دەڵێت، پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا بنێردرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، نابێت لایەنگیری لە مووچەی فەرمانبەراندا بکرێت و دەبێت هەموو بە یەک چاو سەیربکرێن.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین کار بۆ شایستەی هاووڵاتییان و مافەکانیان بکەن، چونکە ئەمە موڵک و سامانی هاووڵاتییانە پێویستە مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێنەوە.

هاوکات راشیگەیاند، هەروەکو چۆن هاووڵاتییانی بەسرە مووچە لەکاتی خۆیدا وەردەگرن، پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمیش لەکاتی خۆیدا شایستە داراییەکانی بە گوێرەی یاسا و دەستوور بۆیان خەرجبکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، دانووستانەکان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن، "پێویستە لەبەر رۆشنایی یاسیا بودجە هەموو هەنگاوەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی بنرێت".

سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، دەڵێت: پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هیچ بابەتێکی دیکەوە نەبەسترێتەوە و پێویستە خەرجبکرێت، نابێت لایەنگیری لە مووچەی فەرمانبەراندا بکرێت.

حەیدەر عەبادی، ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە دادپەروەری هەبێت و نابێت ئەو دادپەروەرییەش لە یەکلاییکردنەوەی حیسابە سیاسییەکاندا بتاوێندرێنەوە، "لەبەر ئەوەی ئەمە مافی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانە".

سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، گوتیشی: کاتێک من لە دەسەڵات بووم هیچ کاتێک درێغیم نەکردبوو لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

کەمێک پێش ئێستا، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەم کۆبوونەوەیە، بڕیارە سەرۆکوزەیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆببێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لە کاتژمێر 11ـی بەیانییەوە گفتۆگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەستیپێکردووە، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.