کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و عەممار حەکیم دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و عەممار حەکیم
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و عەممار حەکیم

K24 – هەولێر:

کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گەیشتنە بارەگای عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و لەبارەی شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و  محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. ئەندامێکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی ئەرێنی بووە و "هەواڵی خۆش هەیە".

دوای گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئەندامێتی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت گەیشتە بەغدا.

شاندەکە لەلایەن ئەحمەد مبەرقەع، نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا پێشوازی لێ کرا.