هاوپەیمانیی فەتح پشتیوانی لە چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات

K24 – هەولێر:

لەمیانی کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانیی فەتح، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرایەوە و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحیش رایگەیاندووە، پشتیوانی لە چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا، لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کۆبوونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ئامادەیی هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستانی لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەییانەی کێشەی مووچەی مووچه‌خۆران دەربڕی.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ هادی عامر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، " لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و شاندی هەرێم، لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بەڕێز هادی عامری کۆبووینەوە و داوای پاڵپشتیکردنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانمان لێکرد".

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌ پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گه‌یشته‌ به‌غدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ده‌ستپێكرد.

دوای گه‌یشتنی شانده‌كه‌، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".