هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هاوکاردەبێت لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

لە کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی ئامادەیی نیشاندا هاوکاربێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لە دۆخی خراپی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد بەهۆی نەناردنی مووچەی مانگانەیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە لەکاتێکدا مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرجکراوە، بەڵام سێ مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، بۆیە جەختی لە گرنگیی و پێویستی ناردنی شایستە داراییەکان و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.

لەلایەن خۆیەوە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئامادەیی نیشاندا هاوکاربێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پیشوو) رایگەیاند، "دانیشتنێکی باشمان هەبوو لەگەڵ نووده‌رباره‌ی دۆخی مووچەخۆرانی هەرێم . لەکاتێکدا كه‌ مووچەی هەموو مانگەکانی ئەمساڵی ناوچەکانی دیکە خەرجکراوە، بەڵام 3 مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێردراوە. بەڕێزیان ئامادەیی نیشاندا هاوکاربێت شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکرێت".