بازرگانی بە حەبی کەپتاگۆن بووەتە شادەماری داهات بۆ حکومەتی سووریا

K24 - هەولێر:

حەبی کەپتاگۆن لە ماددەی ئەمفێتامین دروست دەکرێت و بەشێوەیەکی سەرەکی لە سووریا و لوبنان بەرهەمدە‌هێندرێت، ئەمساڵیش مەزندە دەکرێت بەهای بازرگانی ئەو ماددە هۆشبەرە گەیشتبێتە 57 ملیار دۆلار.

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی کەپتاگۆن، لەلایەن ئەندامانی خانەوادەی ئەسەد سەرپەرشتی دەکرێت، بە دیاریکراویش  ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەر، کە فەرماندەی یەکەیەکی سەربازی تایبەت بە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کەپتاگۆنە.

ناوەندی چاودێری ئەوروپا بۆ ماددەی هۆشبەر و ئالودەبووان و پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکەن، حەبی کەپتاگۆن بە قەبارەی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە قاچاخ دەبردرێتە ئەوروپا، بەڵام لە شەقامەکانی ئەوروپا بە رێژەیەکی زۆر نافرۆشرێت، بۆیە لە ئەوروپاوە بۆ نیمچە دوورگەی عەرەبی و بە تایبەتی بۆ سعوودیە بە قاچاخ دەبردرێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە کە زانیاری لە نەمسا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، یۆنان، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و رۆمانیا کۆکردووتەوە، لە 2018ـەوە تا 2020، 137.6 ملیۆن دەنکە حەبی کەپتاگۆن دەستیان بەسەر داگیراوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، لە 2017 6.6 تۆن و لە 2018ـەش 5.7 تۆن حەبی کەپتاگۆن دەستیان بەسەر داگیراوە، بەڵام بە قاچاخبردنی ئەو ماددەیە بۆ تورکیا کەمیکردووە و بە قاچاخبردنی بۆ ئەوروپا زیادیکردووە، جگە لەمەش حەبی کەپتاگۆن لە ئەوروپا و بە تایبەتی لە هۆڵەندا لەلایەن هاووڵاتی سووری و لوبنانی بەرهەمدەهێندرێت، دەسەڵاتدرانی هۆڵەندا توانیویانە تا ئێستا دوو کارگەی بەرهەمهێنانی ئەو حەبە بدۆزنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سعوودیە لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە ناوەندێکی گەورەی بەکارهێنانی کەپتاگۆن، لە 2019 25 تۆن کەپتاگۆن و ئەمفێتامین لە سعوودیە دەستیان بەسەر داگیرا، هەروەها لە 2020 29 تۆن لەو ماددەیە دەستی بەسەردا گیرا، لە 2021 ژمارەکە بۆ 73 تۆن زیادی کرد.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیمارات پێنج باری گەورەی کەپتاگۆن دەست بەسەر داگرت، کە قەبارەکەی 13 تۆن بوو و لە 80 ملیۆن دەنکە حەب پێکهاتبوو، بەهاکەشی بە زیاتر لە 744 ملیۆن دۆلار مەزندە دەکرێت.