محه‌ممه‌د خه‌زعه‌لی: سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا ئه‌نجامی ئه‌رێنی لێده‌كه‌وێته‌وه
K24 - هەولێر:
چاودێرێكی سیاسی ئاماژه به یه‌كگرتوویی شاندی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌شڵێت، حكومه‌تی فیدڕاڵی پابه‌ندكراوه به جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و یاسای بوودجه و ده‌بێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023) محه‌ممه‌د خه‌زعه‌لی، چاودێری سیاسی سه‌باره‌ت به سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ به‌غدا بۆ تاووتوێكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستانی له سه‌ردانییه‌كانی دیكه جیاكرده‌وه، یه‌كگرتوویی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی و ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێكی گرنگه له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان.
خه‌زعه‌لی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، حكومه‌تی فیدڕاڵ له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی ده‌ستووریدایه بۆ ناردنی مووچه و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و نه‌هێشتنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له چاوه‌ڕوانیكردنی مووچه‌كانیان. گوتیشی، ده‌بێت حكومه‌تی فیدڕاڵ به ئه‌ركی ده‌ستووری خۆی هه‌ڵبستێت و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌كانیان له رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ن و چیتر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان باجی ئه‌و قه‌یرانه نه‌ده‌ن.
ئه‌و چاودێره سیاسییه هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جیدییه له كاركردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و رێككه‌وتن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و رێككه‌وتنه سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق. گوتیشی، یه‌كگرتوویی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێك بوو بۆ حكومه‌تی عێراق، كه كورد به یه‌ك ده‌نگ داوای مافه‌كانی ده‌كات و جیاواز نین.
خه‌زعه‌لی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، شاندی كوردی پێشتر به‌جیا سه‌ردانی به‌غدایان ده‌كرد و هه‌ر یه‌كێكیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و حزبی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان حكومه‌ت كۆده‌بوونه‌وه، بۆیه هیچ ئه‌نجامێكیان به‌ده‌ست نه‌ده‌هێنا، به‌ڵام ئه‌مجاره كه سه‌ردانییه‌كه به یه‌كگرتوویی بوو، ئه‌نجامی ئه‌رێنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
رۆژی (پێنجشه‌ممه 14ـی ئه‌یلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گه‌یشته به‌غدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ده‌ستپێكرد.
دوای گه‌یشتنی شانده‌كه، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023) سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، سه‌ردانی ئه‌مڕۆیان بۆ داكۆكیكردن بوو له ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له به‌شێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌ركرده سیاسییه‌كان كردووه و دوو پێشنیازیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه یه‌كێكیان درێژخایه‌نه و ئه‌ویدیكه‌یان كورتخایه‌نه.
سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی هاوكات باسی له‌وه كرد، پێشنیازه درێژخایه‌نه‌كه په‌یوه‌سته به یاسای بوودجه و هه‌مواری به‌شێك له مادده و بڕگه‌كانی، كه ئه‌مه كاتی زۆرتری پێویسته و له داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. روونیشیكرده‌وه، سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ر یان پێشنیازه كورتخایه‌نه‌كه، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 17ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌درێت و هیواشی خواست ئه‌و هه‌وڵانه ببنه بڕیار و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به مافه‌كانیان بگه‌ن.
گوتیشی، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان كه كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كردوون، هاوڕا بوونه بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كان و دابینكردنی ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی جه‌ختیشی كرده‌وه و گوتی "موژده‌ی خێرمان پێ ده‌بێت و چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه ده‌كه‌ن، گوتیشی، هیواخوازن كه ئه‌و ئاماده‌كارییانه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی لێ بكه‌وێته‌وه."