وەزارەتی خوێندنی باڵا بە چوار قیست پارە لە وەرگیراوانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا وەردەگرێت
K24 – هەولێر:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە زانکۆکان دەکات بەهۆی بارودۆخی داراییەوە، بە چوار قیست پارەی خوێندن لە وەرگیراوانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا بەشێوەی پارالێل بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) وەربگرن.
لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی گشت زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا روونکردنەوەی لەبارەی دەستەبەری دارایی (کەفالە) بۆ خۆتۆمارکردن لە زانکۆ و و پێدانی مۆڵەتی خوێندن دەدات و بڕی پارەی دەستەبەری دارایی بۆ خوێندنی هەر بڕوانامەیەک دیاریکردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەت بەوەکردووە، دەستەبەری دارایی بۆ خۆتۆمارکردن لە زانکۆ بۆ هەموو وەرگیراوانی دامەزراو و دانەمەزراوە بۆ هەردوو شێوازی خوێندن (بەخۆڕایی و پارالێل)، بەشێوەیەک؛ بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵا بڕی هەشت ملیۆن دینار دەبێت و بۆ خوێندنی ماستەر 15 ملیۆن دینار و بۆ خوێندنی دکتۆراش برێ 22 ملیۆن و 500 هەزار دینار دەبێت.
هەروەها دەستەبەری دارایی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن کە تەنیا فەرمانبەرانی دامەزراوی میلاکی هەمیشەیی دامودەزگاکانی حکومی دەگرێتەوە، بۆ وەرگیراوانی خوێندنی بەخۆرایی و پارالێڵ دەستەبەری دارایی بکات بەپێی ماددەی (6/بڕگەی 3) لە پەیڕەوی ژمارە (11)ـی ساڵی 2021ـی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت و لە شوێنی میلاکی کارکردنی وەرگیراو بۆ خوێندنی باڵا ئەنجام دەدرێت.
لە خاڵێکی دیکەی نووسراوەکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ وەرگیرانی خوێندنی باڵا، دەتوانن بەڵێننامە جیاوازەکان داواکراو لە رێنماییەکانی پەیوەندیدار بە خوێندنی باڵا، لە فەرمانگە دادنووسییەکان یان بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی سەرۆکایەتی زانکۆکان ئەنجام بدەن.
لەبارەی رسوماتی خوێندنیش، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکردووە، تەنیا بۆ وەرگیراوانی خوێندنی بەخۆڕایی، لەکاتی خۆتۆمارکردن لە زانکۆ وەردەگیرێت، بەشێوەیەک بۆ دبلۆمی باڵا، 200 هەزار دینار و بۆ خوێندنی ماستەر، بڕی 250 هەزار دینار و بۆ خوێندنی دکتۆراش بڕی 300 هەزار دینار دیاریکراوە و وەرگرتنی ئەو رسوماتەش کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی ناگرێتەوە.
هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیکردووەتەوە، سەبارەت بە پرسی میوانداری بۆ خوێندنی باڵا، هاوشێوەی خوێندنی بەکالۆریۆس هەر زانکۆیەک بڕی (50%)ـی کرێی ساڵانەی خوێندن لە خوێندکاران وەردەگرێت.
لەبارەی کرێی خوێندنیش، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، نە لەبەرچاوگرتنی باری دارایی خوێندکاران، قیستی کرێی خوێندن بە چوار قیست وەردەگیرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 14 زانکۆی حکومی، خوێندنی باڵای (دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی) بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) راگەیاند و رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، 15 هەزار و 728 پێشکەشکار تاقیکردنەوەی توانستی زانستییان ئەنجامدا.
هەروەها رۆژی (17ـی تەمموزی 2023) ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە چەسپاندنى ئەنجامى بەرایى پڕۆسەى خوێندنى باڵا دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا دواى راگەیاندنى ئەنجامى پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێبەجێ دەکرێت.
پێشتریش ژاڵه سهعید، بهڕێوهبهری گشتی توێژینهوه و پهرهپێدان له وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی حكومهتی ههرێمی كوردستان تایبهت به كوردستان24ـی راگهیاند، بۆ ئهم ساڵ تهنیا له زانكۆ حكومییهكان دهرفهتی خوێندنی باڵا ههیه، گوتیشی، حهوت ههزار و 614 كورسی بۆ خوێندنی باڵا تهرخان كراوه.