گۆڤەند شێروانی: ساتی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا گرنگ بوو

گۆڤەند شێروانی، شارەزای ئابووری و سیاسی
گۆڤەند شێروانی، شارەزای ئابووری و سیاسی

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی ئابووری و سیاسی، رایدەگەیەنێت، چەندین وڵات لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، هاوکات دەڵێت: سەرکردە سیاسییەکانی عێراق پشتگیریان لە داواکارییەکانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان کرد.

گۆڤەند شێروانی، شارەزای ئابووری و سیاسی، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ رایگەیاند، ئەوەی گرنگ بوو لەم شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە بوو شاندێکی باڵا بوو کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو و نوێنەری هەموو حزبە کوردییەکانی تێدابوو، هەروەها کاتی سەردانی ئەم شاندە زۆر گرنگ بوو، کەواتە ئەو دانوستانەی کە هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا گەیشتە خاڵێکی پێشکەوتوو.

ئەو شارەزایە ئابووری و سیاسییە هەروەها راشیگەیاند، ئەوسەردانانەی کە شاندە باڵاکەی هەرێم ئەنجامیدا بۆ لای سەرکردە سیاسییەکان زۆر گرنگ بوون و هەمووان پشتگیریان لە داوکارییەکانی شاندی هەرێمی کوردستان کرد، هاوکات ئەو سەردانە بە سەردانێکی گرنگ و مێژووی هەژمار دەکرێت و لە میدیا جیهانییەکانیش زۆر بە گرنگی باسی لێوەکرا.

گۆڤەند شێروانی، ئاماژەی بەوەدا، لەو سەردانەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختکرا لەسەر پرسی دارایی و بودجە، هاوکات لە بەرژەوەندی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵە کە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێن و درێژە نەکێشێت.

ئەو شارەزایە ئابووری و سیاسییە، دەڵێت: زۆر کێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن پێویستە چارەسەر بکرێن، بەڵام هەندێک لایەنی عێراقی نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، هەروەها هەرێمی کوردستان داوا دەکات مافە دەستورییەکانی پێشێل نەکرێت.

گۆڤەند شێروانی، گوتی: هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە بۆیە حکومەتی فیدڕاڵیش پێویستە پابەند بێت بە رێککەوتنەکان و مافی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات، هەروەها هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی خۆی نیشاداوە ئەو بڕە نەوتەی کە عێراق داوای لێکردووە رۆژانە رادەستی بکات، بەڵام ئەوە حکومەتی عێراقە ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ ساغ بکاتەوە و بەکاری بهێنیت.

ناوبراو گوتیشی: چەندین وڵات لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا.

رۆژی (پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌ پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گه‌یشته‌ به‌غدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ده‌ستپێكرد.

دوای گه‌یشتنی شانده‌كه‌، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".

هەروەها به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023) سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، سه‌ردانی ئه‌مڕۆیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ و دوو پێشنیازیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ یه‌كێكیان درێژخایه‌نه‌ و ئه‌ویدیكه‌یان كورتخایه‌نه‌.