خۆپیشاندانه‌كانی پارێزگای سوه‌یدا به‌رفراوانتر ده‌بێت و داوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن
K24 - هەولێر:
خۆپیشاندانه‌كانی سوه‌یدا له دژی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د به‌رده‌وامیان هه‌یه و له مانگێك نزیك ده‌بێته‌وه و تا دێ خۆپیشانده‌كان به‌رفراوانتر ده‌بن و داواكارییه‌كان بۆ رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د به‌رزتر ده‌بنه‌وه.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023) خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی پارێزگای سوه‌یدای سووریا دژ به رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و رووخانی حكومه‌ته‌كه‌ی پێی نایه رۆژی بیست و شه‌شه‌مین و تا دێ خۆپیشاندانه‌كان به‌رفراوانتر ده‌بن و داواكارییه‌كان بۆ رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د به‌رزتر ده‌بنه‌وه.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كان خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 10 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه، كه ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین و به‌رفراوانترینه له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكردنییه‌وه. خۆپیشانده‌ران جارێكی دیكه دروشمی رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د و جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره 2254ـی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی و كاراكردنه‌وه‌ی بڕیاری 2118ـی تایبه‌ت به تاوانبارانی جه‌نگ له سووریا كرد و جه‌ختیان كرده‌وه له داواكارییه‌كانیان پاشگه‌ز نابنه‌وه و به‌رده‌وام ده‌بن.
هه‌روه‌ها خۆپیشانده‌ران داوا ده‌كه‌ن چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنان ئاشكرا بكرێت و ده‌ستگیركراوان ئازاد بكرێن و كۆتایی به ره‌شبگیری خۆپیشانده‌ران و چالاكوانان و بهێنرێت.
تا ئێستا خۆپیشاندانه‌كان به هێمنی و ئاشتییانه به‌ڕێوه‌ده‌چن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو هێزه ئه‌منییه‌كانی حكومه‌ت له‌سه‌ر باره‌گای حزبی به‌عس له شاره‌كه ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كرد و ژماره‌یه‌كیان به‌هۆیه‌وه بریندار بوون.
چالاكوانانی سیاسی له شاره‌كه رایانگه‌یاندووه، خۆپیشاندانه‌كان گه‌وره و به‌رفراوان بوونه و پێیان ناوه‌ته وێستگه‌یه‌ك كه بۆ دواوه ناگه‌ڕێته‌وه به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به رژێم ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كرد و به‌هۆیه‌وه بڕیار درا هه‌ڵوێسته‌كان به‌رامبه‌ر رژێم توندتر بكرێن.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا شێخ حیكمه‌ت هیجری، وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی سوه‌یدا گوتارێكی خوێنده‌وه و تێیدا هێرشی كرده سه‌ر رژێمی ئه‌سه‌د و ئێران و چه‌كداره میلیشیاكانیان. دوای ئه‌و گوتاره‌كه‌ی شێخ هیجری، شێخ ئه‌بو وائیل حه‌موود حه‌ناویش په‌یامێكی ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌ران كرد و رایگه‌یاند، نابێت له ئاست ته‌قه‌كردن بێده‌نگی بكرێت.
به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه زۆربه‌ی بازاڕ و دوكانه‌كان و به‌شێكی زۆری داموده‌زگا حكومییه‌كانی شاره‌كه و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری داخراون، ته‌نانه‌ت رێگه‌ی نێوان زۆرێك له گوند و شاره‌دێ و شارۆچكه‌كانی سه‌ر به پارێزگاكه، له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه گیراون و رێگه‌ی هاتوو نه‌ماوه.
زۆربه‌ی دانیشتووانی سوه‌یدا دروزیین و له‌وه‌ته‌ی سه‌ره‌تاكانی خۆپیشاندانه‌كانی سووریا له ساڵی 2011ـوه، دانیشتووانی ئه‌و شاره ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌ربڕیوه و ناڕه‌زایه‌تی خۆیانیان به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتدارانی سووریا و هێزه ئه‌منییه‌كان نیشان داوه.
زانایانی ئایینی، رۆشنبیران، سیاسییه نه‌یاره‌كان، چالاكوانان و ئافره‌تان به‌شدارییه‌كی كارا له‌و خۆپیشاندانانه ده‌كه‌ن و به‌یه‌ك ده‌نگ، ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌رده‌بڕن.
مایه‌ی سه‌رنجه له‌و خۆپیشاندانه‌دا ئاڵای پێنج ڕه‌نگی "سه‌وز، سوور، زه‌رد، شین و سپی"، كه به "ئاڵای پێنج سنووره‌كه" ناسراوه، به‌رز ده‌كرێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سووریاوه به نیشانه‌ی جیابوونه‌وه و به‌دیهێنانی مافی سه‌ربه‌خۆیی و ئۆتۆنۆمی لێكده‌درێته‌وه، به‌ڵام رۆژنامه‌نووسان و چالاكانی سیاسی و خۆپیشانده‌ران ئه‌و ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌و ئاڵایه هیچ راڤه‌یه‌كی سیاسی هه‌ڵناگرێت، به‌ڵكو گوزارشت له تێپه‌ڕاندنی پرسی ئایینی و مه‌زهه‌بی ده‌كات.
هه‌روه‌ها روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، جگه له‌و ئاڵایه، وێنه‌ی چه‌ند ئاڵایه‌كی دیكه‌ی گرتووه، له‌وانه ئاڵای تایبه‌ت به شۆڕشی سووریا كه پێكهاتووه له "سه‌وز، سپی، سێ ئه‌ستێره‌ی سوور و ژێره‌یه‌كی ره‌ش" و ئاڵای ئێستای سووریا كه پێكهاتووه له "سوور، سپی، دوو ئه‌ستێره‌ی سوور و ژێره‌یه‌كی ره‌ش"، هاوكات له‌گه‌ڵ ئاڵای هۆزه كۆچه‌رییه‌كان كه له ده‌وروبه‌ری پارێزگای سوه‌یدا ده‌ژین و به گڕوتینه‌وه له خۆپیشاندانه‌كان به‌شدارن.
سوه‌یدا پێگه‌یه‌كی هه‌ستیاری له سووریا گرتووه و له بنه‌ڕه‌تدا بنه‌ماڵه‌ی به‌نی مه‌عرووف كه یه‌كتاپه‌رسته‌كانی درووزه‌كان بوونه، خاوه‌نداریه‌تی پارێزگاكه و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریان كردووه و به‌درێژایی مێژووی خۆیان له ناوچه‌كه‌دا ئاڵای پێنج ره‌نگیان به‌كارهێناوه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ تێپه‌ڕاندنی پرسه ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كان.
به‌شێك له شاره‌زایانی مێژوو، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ر كاتێك هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌كی سوه‌یدا رووبه‌ڕووی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه بووبێته‌وه، ئه‌و ئاڵایه‌ی به‌كارهێناوه و له‌ژێر ئه‌و ئاڵایه‌دا به‌رگری له خۆی كردووه.
به‌نی مه‌عرووف له سه‌رده‌مه‌كانی پێشوودا چه‌ندین جار رووبه‌ڕووی سه‌ركوتكردن و سته‌م و چه‌وسانه‌وه بوونه‌ته‌وه، كه دیارترینیان هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئیبراهیم پاشا بوو، كاتێك شامی داگیر كرد، به‌ڵام به‌نی مه‌عرووف ره‌تیان كرده‌وه ملكه‌چی سه‌ربازی به‌زۆر ببن رایانگه‌یاند "چه‌كیان نییه بۆ كرێ!"
به‌گوێره‌ی شاره‌زایانی مێژوو، ئیبراهیم پاشا له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌نی مه‌عرووفدا، سێ هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی ده‌ستپێكرد و چووه ناو شه‌ڕێكی سه‌خت له‌گه‌ڵ به‌نی مه‌عرووفدا، به‌ڵام به‌نی مه‌عرووف و به‌شێكی زۆری هۆزه كۆچه‌رییه‌كان و مه‌سیحییه‌كان و درووزه‌كان یه‌كیان كرد و به‌یه‌كه‌وه و له‌ژێر ئه‌و ئاڵایه‌دا یه‌كیان گرت. له‌و كاته‌وه ئه‌و ئاڵا پێن ره‌نگییه بووه‌ته سێمبوڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زوڵم و چه‌وسانه‌وه و دوژمنایه‌تی، ته‌نانه‌ت له ساڵی 1925ـدا له كاتی شۆڕشی گه‌وره‌ی سووریادا له دژی داگیركاری كۆڵۆنیالیزمی فه‌ره‌نسی به‌كارهاته‌وه.
پسپۆڕانی مێژوو باس له‌وه ده‌كه‌ن، ره‌نگه‌كانی ئه‌و ئاڵایه هه‌ر یه‌كێكیان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئایینی هه‌ر ئایینێكی هه‌یه، بۆ نموونه ره‌نگی سپی تایبه‌ته به ره‌نگی پێغه‌مبه‌رایه‌تی محه‌ممه‌د (د.خ) و هه‌موو پێغه‌مبه‌ران و ئایینه‌كانی دیكه‌یش تێیدا به‌شدارن.