پێشەوا هەورامانی: بۆ مێژوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەغدا ئاوای پێگووتن

پێشەوا هەورامانی
پێشەوا هەورامانی

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەردانەکەی دوێنێ بۆ بەغدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکاندا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، "ئەوە سێ مانگە خەڵکی ئێمە لەمیحنەت و ژیانێکی قورسدان، بە سادەیی پێتان دەڵێم میللەتی ئێمە هیلاکە و شایەنی ئەوە نییە ئەمەی لەگەڵ بکرێت".

رۆژی هەینی (15ـی ئەیلوولی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا پەیامێکی "بۆ مێژوو" بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "‎بە نیەتێکی پاک و خەمخۆرانە دوێنێ داوای مافی خەڵکت دەکرد، بێ ماندوبوون کۆبوونەوە دوای کۆبوونەوە دەتگوت با  گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەلایەک بن و قابیلی موناقەشەن و سەرەڕای ئەوەش لەسەر هەموو ژمارەکان وردەکاریت دەخستەڕوو".

لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەکردووە، "لەپاڵ ئەمەشدا دەتگوت ئەوە سێ مانگە خەڵکی ئێمە لەمیحنەت و ژیانێکی قورسدان، بە سادەیی پێتان دەڵێم میللەتی ئێمە هیلاکە و شایەنی ئەوە نییە ئەمەی لەگەڵ بکرێت".

هەروەها پێشەوا هەورامانی نووسیویەتی، "پەرۆشی و خەمخۆریتان بۆ ئەوەی هەموومان یەکبین و یەکدەنگ و یەکڕیزبین بۆ خەمی گەلەکەمان، شاهێدییەکە بۆ مێژوو دەیدەم و شانازییە مرۆڤ خزمەتی ئەم ئامانجە بکات کە ئێوە لەپێناویدا ئامادەن شەوو ڕۆژ بێ وەستان کاری بۆ بکەن".

رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و 14 کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدا.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".

لە کۆتایی سەردانەکەشدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لەبارەی‌ سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، سه‌ردانی ئه‌مڕۆیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد، دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هه‌رێمی كوردستان خستووه‌ته‌ڕوو، باسی له‌وه‌ كرد، پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بوودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. روونیشیكرده‌وه‌، لەبارەی پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كهشیان‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو (17ـی ئه‌یلوولی 2023)، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت و هیواشی خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ ببنه‌ بڕیار و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مافه‌كانیان بگه‌ن.

دوای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو)، رایگەیاند، "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جێگری سەرۆکوەزیران و شاندی حكومه‌تی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان کرد، بۆ داكۆكیكردن له‌ مافە دەستووری و شایسته‌ داراییەکانمان. سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌م بۆ یه‌كدەنگییان لە داکۆکیکردن‌ لەمافەکانمان".