پێشانگەی هەلی کار بە بەشداری 40 کۆمپانیای تایبەت لە دهۆک کرایەوە

K24 – دهۆک:

لە شاری دهۆک بە بەشداری 40 کۆمپانیای تایبەت، پێشانگەی هەلی کار کرایەوە، کە سەردانیکەران بۆ مەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار سەردانی ئەم پێشانگەیان کرد، رێکخەرانی پێشناگەکەش دەڵێن" ئامانجانیانە هەلی کار بۆ 100 کەس بڕەخسێنین".

موحسن عەلی، سەردانیکەری پێشانگەکە تایبەت بەکوردستان24ـی راگەیاند، سیڤییەکەی هێناوە پێشکەشی کۆمپانیاکانی هەلی کاری دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتی هەلی کاری بۆ بڕەخسێت، هەروەها کردنەوەی ئەم پێشانگەیە ئاسانکارییەکی زۆرە بۆ گەنجان بۆ ئەوەی لە ماوەیکی نزیکدا دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت.

ئەم پێشانگەی هەلی کارە لەلایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە هاوکاری لەگەڵ پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) سازکراوە، کە تێیدا 40 کۆمپانیا بەشدارن، دەرفەتی هەلی کار دەڕەخسێنن بۆ ئەو سەردانیکەرانەی کە بە دوای کاردا دەگەڕێن.

لەلایەن خۆیەوە، ئاری عادل، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، بە کوردستان24ـی گوت: "بە فەرمی ئەو کۆمپانیانە لەو پێشانگەیە بەشدارن کە هەلی کار بۆ گەنجانمان دەدۆزنەوە، 98 هەلی کار لەو پێشانگەیە نمایشکراوە، ئەم دەرفەتی کارانە تەنیا بۆ دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک نییە، بەڵکو بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆکە".

ساڵانە رێژەیەکی زۆری قوتابییان زانکۆ تەواودەکەن و بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێن، "شارەزایانی بوواری ئابووریش دەڵێن، کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگایانەی هەلی کار دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ گەنجان تاکو کاری دڵخوازی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە".