نەتەوە یەکگرتووەکان: 745 ملیۆن کەس بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، 745 ملیۆن کەس لە جیهان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.

لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە رێژەی برسێتی لە جیهاندا نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەئێستادا گیرۆدەی برسێتی و کەمی خواردن هاتوون، گەیشتووەتە 745 ملیۆن کەس، لە کاتێکدا لە ساڵی 2015 ژمارەکە کەمتر بوو.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشداوە، هێشتا وڵاتان لەسەر رێڕەوێکی راست نین بۆ بنبڕکردنی برسێتی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لە جیهان.

باسی لەوەشکردووە، لەسەدا 26ی دانیشتوانی گۆی زەوی بەدەست دابەشنەبوونی سەرچاوەکانی داهات بەشێوەیەکی دادپەروەر و سەقامگیر نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە گیرۆدە بوون.

ئەمە لەکاتێکدا پێشتر عەبدولحەکیم واعر، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی، ناسراو بە فاو رایگەیاندبوو، %33ی وڵاتە عەرەبییەکان رووبەڕووی هەڕەشەی برسێتی بوونەتەوە، بەتایبەتی سووریا و یەمەن و سوودان.

جێگری بەڕێوەبەری فاو باسی لەوەشکرد، هۆکارەکانی برسێتی لە وڵاتە عەرەبییەکاندا زۆرن، لەوانەش کۆچکردن و جێهێشتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی جەنگ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی و پەتاکان.

عەبدولحەکیم واعر ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا 800 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەبێ هەبوونی خواردنی پێویست ژیان بەسەردەبەن.

پێشتریش فاو لەبارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاوی سەر زەوی لە چەند وڵاتێک هۆشداری داوە، لە راپۆرتێکدا لەبارەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئه‌هواره‌كان به‌جۆرێك رووبه‌ڕووی به‌هێزترین شه‌پۆلی گه‌رما بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 40 ساڵی رابردوودا وێنه‌ی نه‌بووه‌.

رێكخراوی فاو لە راگەیەندراوێکدا راشیگەیاندووە‌، ده‌رهاویشته‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر ئاوی ئه‌هواره‌كان و به‌خێوكردنی گامێشه‌كان له‌ باشووری عێراق هه‌بووه‌، كه‌ ئێستا ئه‌هواره‌كانی عێراق شاهێدی توندترین شه‌پۆلی گه‌رما بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 40 ساڵی رابردوودا وێنه‌ی نه‌بووه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئاوی رووباری فورات به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو كه‌مبووه‌وه‌.