کوڕەکەی ئێل چاپۆ گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی مەکسیک رادەستی ئەمەریکا کرا

K24 - هەولێر
دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا رایانگەیاند، مەکسیک ئۆڤیدیۆ گوزمان، یەکێک لە کوڕەکانی گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەری مەکسیکی خواکین گوزمان "ئێل چاپۆ"ـی رادەست کردووەتەوە، کە لە ئەمەریکا سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: ئەمڕۆ دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمەریکا و مەکسیک، ئۆڤیدیۆ گوزمان لۆپێز، کە یەکێکە لە کوڕەکانی ئێل چاپۆ، کە تۆمەتبارە بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە و شتی تر، رادەستی وەزارەتی دادی ئەمەریکایان کرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "رادەستکردنەوەی گوزمان گرنگی هاوکاری نێوان هەردوو حکومەت نیشاندەدات بۆ کەمکردنەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان"، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ مەکسیک دەربڕی بۆ رادەستکردنەوەی ئەم کەسە داواکراوە.
ئۆڤیدیۆ گوزمان لۆپێز کە نازناوی "ئێل ڕاتۆن" بە واتای "مشک"دێت، سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن دەسەڵاتدارانی مەکسیکەوە دەستگیرکرا.
مێریک گارلاند، داواکاری گشتی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە وەرگرتنی ئەو مەکسیکییە داواکراوەی وڵاتەکەی، ڕایگەیاندووە، ئەم رادەستکردنەوەیە نوێنەرایەتی دواین هەنگاوی هەوڵەکانی وەزارەتی داد دەکات بۆ چارەسەرکردنی هەموو لایەنەکانی کارەکانی کارتێلەکە.
وەزارەتی داد بەردەوام دەبێت لە لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە دروستکردنی ماددەی ئەفیۆن کە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی لە سەرانسەری وڵاتدا وێران کردووە.
ئێل ڕاتۆن، لە ئەمەریکا بە تۆمەتی تێوەگلان بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، کە ئەم وڵاتە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، دادگایی دەکرێت.
لە ساڵی 2019 باوکی ئێل راتۆن، بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی کارتێلی سینالوا کە گەورەترین باندی ماددە هۆشبەرەکانە لە جیهاندا سزا درا و لە زیندانێکی ویلایەتی کۆلۆرادۆ سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
"ئێل چاپۆ" بە بەهێزترین بازرگانی مادەی هۆشبەر لە جیهاندا دادەنرا تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی مەکسیک لە ساڵی 2016 دەستگیریان کرد و لە ساڵی 2017 رادەستی ئەمریکایان کرد.