ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا بۆ یارییه‌ مێژووییه‌كه‌ی گۆڕانكاریی كردووه‌

فێران تۆرێس ره‌نگه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی به‌رامبه‌ر بێتیس یاریی بكات
فێران تۆرێس ره‌نگه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی به‌رامبه‌ر بێتیس یاریی بكات

بارسێلۆنا لە گەڕی پێنجەمی لالیگا و لە یاریگای خۆی ئه‌مشه‌و كاتژمێر 10:00 به‌ كاتی هه‌ولێر میوانداریی ریال بێتیس دەکات، بارسا لە دوایین 20 یاریی بەرامبەر بێتیس، دوو یاریی دۆڕاندووە و هەر دوو یارییەکەش لە یاریگای خۆی بووە.

بارسێلۆنا دوای سێ بردنەوەی لەسەر یەک، ئەمجارەیان لە گەڕی پێنجەمی لالیگا و لە یاریگای لویس کۆمپانیسی ئۆڵمپی میوانداریی ریال بێتیس دەکات.

ئەم یارییە بۆ لامین یامال یاریزانی لاوەکەی بارسێلۆنا تایبەت دەبێت، لەبەر ئەوەی یاریزانە 16 ساڵانەکەی بلاوگرانا وەرزی رابردوو کاتێک تەمەنی تەنها 15 ساڵ بوو، بۆ یەکەمجار بە درێسی یانەکەی بەرامبەر ئەو یانەیە دەرکەوت. ره‌نگه‌ فێران تۆرێس بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه‌ له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بارسێلۆنا یاریی بكات، پێشبینی ده‌كرێت شوێنی جواو فێڵیكس به‌ یه‌كجاری له‌ سه‌ره‌ڕم جێگیر بكات.

ئیلکای گوندۆگان ناوەڕاستکاری بارسێلۆنا بەهۆی ئەوەی لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر فەرەنسا تووشی پێکان بوو، گومان لە بەشداری کردنی دەکرا، بەڵام ئەو یاریزانە بەبێ کێشە بەشداری راهێنەکانی یانەکەی کرد و رەنگە بەشداری یارییەکە بکات.

چاڤی: ناسناوه‌كان له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌م ده‌ده‌ن

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا له‌ پرێس كۆنفرانسێك پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و له‌باره‌ی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا رایگه‌یاند قسه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ و دیكۆ كردووه‌، ده‌شڵێت: لای من ته‌نیا ئاست گرینگه‌ و گرینگی به‌وه‌ ناده‌م چه‌ند ساڵی دیكه‌ لێره‌ ده‌مێنمه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ كۆتایی وه‌رز ئه‌نجامه‌كانمان باش نه‌بوو پێویست ناكات گرێبه‌سته‌كه‌م درێژ بكرێته‌وه‌، ناسناوه‌كان بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌م ده‌ده‌ن، هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ بارسێلۆنا دروست ناكه‌م، ئه‌گه‌ر بزانم بۆ یانه‌كه‌ باش نیم خۆم ده‌ڕۆم، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتووش نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌م راده‌گه‌یه‌نین.

چاڤی گوتیشی: خه‌ڵاته‌ تاكه‌ كه‌سییه‌كان به‌لای منه‌وه‌ گرینگ نین، ئه‌وكاته‌شی یاریزان بووم گرینگیم پێنه‌ده‌دا، ئه‌نجامی به‌كۆمه‌ڵ گرینگه‌ نه‌ك ته‌نیا خۆم، زه‌لزولی به‌ بڕیاری تاكه‌ كه‌سی خۆی رۆیشت، ئه‌و ده‌یویست 90 خوله‌ك یاریی بكات، منیش ناتوانم گرێنتی ئه‌وه‌ بده‌م، ناشزانم له‌ ریال بیتس به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت یانیش نا.

ئاماره‌كانیان له‌ مێژوودا

هەردوو یانە پێشتر 138 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، بارسێلۆنا توانیویەتی 83 یاریی بەرامبەر یانەکەی هەرێمی ئەندەلوس بباتەوە، لە بەرامبەردا ریال بێتیس ئەو یانەیەش خاوەنی 30 بردنەوەیە بەرامبەر یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا.

هەردوو یانە جاری یەکەمە لە یاریگای لویس کۆمپانیس رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بارسا دوایین دۆڕانی لە یاریگای خۆی بەرامبەر بێتیس، ساڵی 2021 بوو، ئەو کاتەی لە یاریگای کامپ نۆ بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام دۆڕان.

بارسێلۆنا لە دوایین 20 ڕووبەڕوبونەوەی لەگەڵ ڕیال بیتیس تەنها دوو یاری دۆڕاندووە، هەردوو دۆڕانەکەش لە یاریگای خۆیان بووە، یەکەمیان لە تشرینی دووەمی 2018 بوو، ئەوەی دووەمیش لە کانوونی دووەمی 2021 بوو.