11 پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی ئاو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن

K24 - هەولێر

رۆژانە دوو ملیۆن و 784 هەزار و 606 مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە تێچووی ساڵانەی 552 ملیار دینارە. سەربارى ئەوەش، حکومەت خەریکی تەواوکردنی پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییە، کە لە رێگەى گلدانەوە و پاڵاوتن و ناردنەوە، ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

ئێستا 81 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاو، رۆژانە لەسەر رووبارەکان کار دەکەن و بڕیاریشە 11 پڕۆژەی دیکەی ستراتیژیی ئاو، لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن، ئەمەش گرفتی کەمئاوی بە رێژەیەکی زۆر چارەسەر دەکات.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کەمئاوی، 11 پڕۆژەى ستراتیژی لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانیی حکومەتی هەرێمەوە جێبەجێ دەکرێن. ئێستا %50ـى بەرهەمهێنانی ئاو لە رێی بیرەکانەوەیە، %50ـی تر لە رێگەى پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییەوەیە، بە تەواوبوونی 11 پرۆژەکەی ئاو، 80-82%ـى دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوى سەرزەوی دەبەستێت، کە بەهۆیەوە ئاوی ژێرزەوی دەپارێزرێت و بیرەکان دادەخرێن، لە هەمان کاتدا ئاو ئاسانتر بە هاووڵاتییان دەگات."

بەگوێرەی پێوەری نێودەوڵەوتی، بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک لە رۆژێکدا 250 لیترە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بڕی بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک 500 لیترە، بەمەش هاووڵاتییان زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی نێودەوڵەتی ئاو بەکار دەهێنن.

ئاری ئەحمەد، لەبارەى پاراستنی سامانی ئاوەوە گوتی: "هۆشیاریی بەکارهێنانی ئاو زۆر گرنگە، زۆرجار هاووڵاتییان ئاوێکی زیاتر لە پێویستیی خۆیان بەکار دەبەن، هەروەها دروستبەکارنەهێنانی ئامێرەکان لە ماڵەوە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی زیاتری ئاو، وەکوو جلشۆر، قاپشۆر، دووش و کەرەستەکانی دیکە، کە دەکرێت وریایانەتر، لەپێناو کەمکردنەوەى بەکارهێنانی ئاو بەکار بهێنرێن. ئەوەى ئێمە داواى دەکەین، شتێک نییە لە سەرووى تواناى هاووڵاتییانەوە بێت".

ساڵانە بەهۆى فراوانبوونی جووڵەى شارستانی و گەورەبوونی شارەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستییەکان بۆ بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە رێکخستنی بوارى بەکارهێنانی ئاو، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت و لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەى ئەو خواستە نوێیانە بەردەوام دەبێت.

سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری