یەمەن.. شەش کەس بەهۆی هەورەتریشقەوە گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

بە گوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکان، شەش ئافرەت و پیاوێک بەهۆی هەورەتریشقەوە لە رۆژ ئاوای یەمەن  گیانیان لەدەستداوە.

دکتۆر هەمزە سەعید، کە لە نەخۆشخانەیەکی پارێزگای حەدیدەی یەمەن کار دەکات بە ئاژانسی سەبای گوت: لە ناوچەکانی ئەلیحە و زەهرا، بەهۆی هەورە تریشقەوە شەش ئافرەت و پیاوێک گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی بەهۆی لافاوەوە ئافرەتێک گیانی لەدەستدا، کە لافاوەکە بووەتە هۆی وێران بوونی دەیان خانوو لە ناوچەی حیس لە یەمەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هەورەتریشقە و رەشەباوە لە شاری عەدەن، شەش گەشتیار لە فڕۆکەخانەی شارەکە بەهۆی داڕمانی پەنجەرەکانی فڕۆکەخانە بریندار بوون، هەروەها دوو فڕۆکەش زیانییان پێگەیشتووە.

لەلایەکی دیکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە کەشوهەوای یەمەن وایکردووە 200 هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن. ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لەوانە پێشتر بەهۆی شەرەوە چەند جارێک ماڵەکانییان چۆڵ کردووە.