بلینکن: ئۆکرانیا سەرپشکە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی چەکە ئەمەریکییەکان

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (وێنە: AP)
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، شێوازی بەکارهێنانی ئەو چەکە ئەمەریکییانەی دراونەتە کیێڤ پەیوەستە بە خودی ئۆکرانیاوە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمەریکا هانی ئۆکرانیا نادات خاکی رووسیا بکاتە ئامانج، هەرچی پەیوەستە بە شێوازی بەکارهێنانی ئەو چەکە ئەمریکییانەی رەوانەی کیێڤ کراون، پەیوەستن بە خودی ئۆکرانیاوە و خۆیان بڕیار لە شێوازی بەکارهێنانیان دەدەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، لە راهێنانی سەربازانی ئۆکرانیا، لەسەر شێوازی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی پێویست بکات راهێنانیان لەسەر بکرێت بەردەوام دەبن، بەڵام سوپای ئۆکرانیا ئازادە بۆ پاراستنی سەروەری خاکی وڵاتەکەی بە چ شێوازێک بەکاریان بهێنێت.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند بەرپرسێکی ئەمەریکا ئاشکرایانکرد، واشنتن لەپلانیدایە مووشەکی دوورمەودای ئاتاکمز رەوانەی کیێڤ بکات، کە لەتوانایدایە بە دووری 300 کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت.

ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی کە نەیانویست ناویان بڵاوبکرێتەوە، بە میدیاکانی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەردانی کۆشکی سپی و کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو، زێلێنسکی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە.

لە ئێستادا لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا هاوکاریی زیادە بەبڕی 21 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و بووەتە بابەتی مشتومڕ.