ئیسماعیل مەندەلاوی: لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پارتی 100 کاندیدی هەیە

ئیسماعیل مەندەلاوی، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە بەغدا
ئیسماعیل مەندەلاوی، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە بەغدا

K24 – بەغدا:

بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە بەغدا، دەڵێت، وەک پارتی ئامادەین بۆ ئەو هەڵبژاردن چونکە گرنگ و چارەنووسسازە و ژمارەی کاندیدەکانیشمان یەکلاییکردووتەوە.

ئیسماعیل مەندەلاوی، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە بەغدا، لە لێداوانێکیدا تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دیالە، کەرکووک و مووسڵ کاندیدمان هەیە، لە شاری کەرکووک 30 کاندیدمان لە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان هەیە.

بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە بەغدا، ئاماژەی بەوەشدا، لە شاری مووسڵ 54 کاندیدمان هەیە و لە دیالەش 14 کاندیدمان هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە شاری بەغدا هاوپەیمانیەتییەکمان لەگەڵ حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان دروستکردووە و یەک کاندیمان هەیە، هەروەها لە پارێزگای سەڵاحەدینیش یەک کاندیدمان هەیە.

بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە بەغدا، دەڵێت: پێش دوو رۆژ لەگەڵ لیژنەی باڵای هەڵبژاردن کۆبووینەوە و هەموو کاندیدەکانمان لەسەر پێوەری لێهاتوویی هەڵبژێردراون، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکە چارەنووسسازە و بارودۆخەکە وادەخوازێت.

ئەمڕۆ شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، ئه‌مڕۆ كۆمیسیۆن ژماره‌ی‌ پارت، كاندید و هاوپه‌یمانێتییه‌كان دیاری ده‌كات. گوتیشی: "134 (هاوپه‌یمانی، پارت و كاندید) و له‌ كۆی گشتی شه‌ش هه‌زار كاندید به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگان ده‌كه‌ن".

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت.